عەباس عەلی ئابادی، وەزیری وزەی ئێران رایگەیاند، هەر وڵاتێک ئامادەی فرۆشتنی ئاو بێت، ئێمە دەیکڕین.
ئەوە لەكاتێكدایە، زۆربەی وڵاتانی دراوسێی ئێران بەدەست وشکەساڵی و کەم ئاوی دەناڵێنن، لەوانە عێراق، ئەفغانستان و ناوچە سنورییەکانی پاکستان، تەنها ئەرمینیا نەبێت لە باکورەوە یەدەگی ئاوی تاڕادەیەک زیاترە.
ئێران یەکێکە لە وشکترین وڵاتەکانی جیهان و لەم چەند ساڵەی دواییدا رێژەی بارانبارین بەشێوەیەكی بەرچاو کەمبووەتەوە، لەگەڵ زیادبونی وشکەساڵی و دیاردە توندەکانی دیکەی کەشوهەوا .
وشکەساڵی بەشێوەیەک تەنگی بەو وڵاتە هەڵچنیوە تەنانەت بیر لە گواستنەوەی پایتەختەژەی دەکات بەشێوەیەک، حکومەتی ئێران گەیشتووەتە ئەو باوەڕەی کە چارەسەرکردنی کێشەی ئاو و ژینگەی تاران ئەستەمە، بۆیە تاکە ڕێگەچارەی درێژخایەن بەلایانەوە "جێهێشتنی تاران" و دروستکردنی پایتەختێکی نوێیە لە باشوور، هەرچەندە ئەم پرۆژەیە تێچوویەکی خەیاڵی دەوێت و جێبەجێکردنی ساڵانێکی زۆری پێ دەچێت.
لەوبارەیەوە مەسعود پزیشکیان سەرۆک کۆماری ئێران لەماوەی رابردوودا ڕاشکاوانە ڕایگەیاند، کە "مانەوە لە تاران چیتر مومکین نییە". ئەو ئاماژەی بەوە کرد کە بەردەوامبوون بەم شێوەیە تەنها کات کوشتنە و دەبێت چارەسەرێکی ڕیشەیی بکرێت.
پلانەکەش ئەوەیە پایتەخت بگوازرێتەوە بۆ باشووری ئێران و کەناراوەکانی کەنداو و دەریای عومان.
