ئەمڕۆ پێنجشەممە 4ی کانوونی یەکەمی 2025، ڕۆژنامەی نیویۆرک پۆست بڵاوی کردەوە ئەم پێشنیارە دوای ئەوە هات کە مارکۆ ڕوبیۆ وەزیری دەرەوەی ئەمریکا پێشنیاری کرد قەتەر ڕۆڵی نێوەندگیر لەم دۆسیەیەدا ببینێت. ئەم گفتوگۆیانە لە کاتێکدایە کە هەڵمەتی سەربازیی ئەمریکا دژی بەلەمی گواستنەوەی ماددە هۆشبەرەکان لە دەریای کاریبی بەردەوامە و تا ئێستا دەیان کوژراوی لێ کەوتووەتەوە و ئەگەری هەیە بۆ ئاوەکانی ڤەنزوێلاش فراوانتر بکرێت.
بەگوێرەی زانیارییەکانی ڕۆژنامەکە، ئیدارەی ترەمپ مانگی ڕابردوو مادۆرۆ و بازنەی دەوروبەری وەک ڕێکخراوی تیرۆریستیی بیانی ناساندووە تاوەکو ڕێگەخۆشکەر بێت بۆ ئەنجامدانی ئۆپەراسیۆنی سەربازی لە دژیان. سەرچاوە ئەمریکییەکان ئاماژەیان بەوە کردووە لە ڕۆژانی داهاتوودا بڕیار لەسەر فراوانکردنی ئۆپەراسیۆنەکان بۆ نزیک کەناراوەکانی ڤەنزوێلا دەدرێت. هاوکات دۆناڵد ترەمپ سەرۆکی ئەمریکا هۆشداريی داوە قاچاخچییانی ماددە هۆشبەرەکان لە ناو خاکی ڤەنزوێلا و کۆڵۆمبیاش دەکرێت بکرێنە ئامانجی هێرشەکانی ئەمریکا.
لەلایەکی دیکەوە زانیارییەکان باس لەوە دەکەن کە هەفتەی ڕابردوو دۆناڵد ترەمپ لە پەیوەندییەکی تەلەفۆنیدا لەگەڵ نیکۆلاس مادۆرۆ گفتوگۆی کردووە و داوای لێ کردووە دەستبەجێ دەسەڵات جێ بهێڵێت. ڕاپۆرتەکان دەڵێن مادۆرۆ لە وڵامدا پێشنیاری کردووە دەسەڵات ڕادەستی جێگرەکەی بکات و لە بەرامبەردا بۆ خۆی و هاوپەیمانەکانی لێخۆشبوونی گشتی وەربگرێت.
