ڕۆژنامەی وەقائعى فەرمیی عێراق، بە پشتبەستن بە بڕیارەکانی لیژنەی بلۆککردنى پارەی تیرۆریستان لە ئەمیندارییەتی گشتی ئەنجوومەنی وەزیران، حووسییەکانی یەمەن و حزبوڵای لوبنانی وەک ڕێکخراوی تیرۆریستی دەستنیشان کرد.
ڕۆژنامەی وەقائعى فەرمیی عێراق لە نوێترین ژمارەی سەبارەت بە ناساندنى تیرۆرى چەند گرووپێک، زانیارى نوێ دەخاتەڕوو.
ڕۆژنامەکە دەڵێت: بە پشتبەستن بە بڕیارەکانی لیژنەی بلۆککردنى پارەی تیرۆریستان لە ئەمیندارییەتی گشتی ئەنجومەنی وەزیران، حووسییەکانی یەمەن و حزبوڵای لوبنانی وەک ڕێکخراوی تیرۆریستی دەستنیشان کرد.
هەروەها ڕۆژنامەکە هەمووارکردنەوەیەکی سەبارەت بە گۆڕینی ناوى ئەبو محەمەد جولانی سەرۆکی دەستەى تەحریر شام بۆ ئەحمەد شەراع خستووەتەڕوو، ئەم ڕێوشوێنە دوایین هەنگاوی حکومەتە لە نوێکردنەوەی لیستە تیرۆریستییەکان و جێبەجێکردنی ئەرکەکانی پەیوەست بە بڕیارنامەکانی نەتەوە یەکگرتووەکان و ڕێککەوتنە نێودەوڵەتییە پەیوەندیدارەکان.
جێگەى ئاماژەیە، حووسییەکان و حزبوڵاى لوبنان زۆر نزیکى گرووپە چەکدارەکانى عێراق و پێدەچێت، دواى ئەم بڕیارەى حکومەت گرووپە چەکدرەکانى ناڕەزایەتى دەرببڕن و تەنانەت کێشەش بۆ حکومەت درووست بکەن.
