Apora Logo

وەزیری وزەی ئێران گفتوگۆ لەگەڵ وڵاتانی دراوسێ ئەنجام دراوە بۆ کڕینی ئاو

وەزیری وزەی ئێران  گفتوگۆ لەگەڵ وڵاتانی دراوسێ ئەنجام دراوە بۆ کڕینی ئاو

ئێران بەهۆی وشکەساڵییەوە نیازی کڕینی ئاو لە وڵاتانی دراوسێی هەیە

4/12/2025

حکومەتی ئێران بە فەرمی ڕایگەیاند کە بەهۆی قەیرانی وشکەساڵییەوە، پلانی هەیە ئاو لە وڵاتانی دراوسێ بکڕێت. وەزیری وزەی ئێران ئاماژەی بەوەدا کە گفتوگۆ لەگەڵ وڵاتانی دراوسێ ئەنجام دراوە و کڕینی ئاو لە بەرنامەیاندایە.

عەباس عەلی ئابادی، وەزیری وزەی ئێران، ڕۆژی پێنجشەممە، 4ی تشرینی یەکەمی 2025، ڕایگەیاند: "ئەگەر هەر وڵاتێک ئامادەبێت ئاو بفرۆشێت، ئێمە ئامادەین بیکڕین." ئەو هەروەها ئاشکرای کرد کە دانوستاندن لەگەڵ وڵاتانی دراوسێ بۆ هاوردەکردنی ئاوی زیادە ئەنجام دراوە و ئەگەر لەسەر نرخێکی گونجاو ڕێکبکەون، پرۆسەی کڕین دەست پێدەکات.

ئاژانسی هەواڵی 'دی پی ئەی' ئەڵمانی بڵاویکردەوە کە ئێران پرسی هاوردەکردنی ئەو بەرهەمانەی کە بڕێکی زۆر ئاوی تێدا بەکاردێت، خستووەتە بەرنامەی کارەوە.  

ئاماژە بەوەشکراوە، کە زۆربەی وڵاتانی دراوسێی ئێران، لەنێویاندا عێراق و ئەفغانستان، بەدەست کێشەی کەمیی ئاوەوە دەناڵێنن، لەکاتێکدا ئەرمینیا خاوەنی یەدەگی ئاوی تاڕادەیەک زۆرە.

هاوکات، ئەم هەنگاوەی ئێران لە کاتێکدایە کە وڵاتەکە ڕووبەڕووی وشکەساڵییەکی بەردەوام بووەتەوە و پێشبینی دەکرێت قەیرانی ئاو لە داهاتوودا زیاتر بێت.


;