Apora Logo

هاتوچۆکردنی ئۆتۆمبێلی حکومەت دوای دەوام سنوردار دەکرێت

هاتوچۆکردنی ئۆتۆمبێلی حکومەت دوای دەوام سنوردار دەکرێت

چەند بڕیارێك بۆ ئۆتۆمبێلی میری و ئۆتۆمبێلی خزمەتگوزاری دەردەکرێت و هۆشداریش بەو فەرمانبەرانە دەدرێت، كە بە نایاسایی دوای دەوام ئۆتۆمبێلی حكومی بەكار دەهێنن.

3/12/2025

چەند بڕیارێك بۆ ئۆتۆمبێلی میری و ئۆتۆمبێلی خزمەتگوزاری دەردەکرێت و هۆشداریش بەو فەرمانبەرانە دەدرێت، كە بە نایاسایی دوای دەوام ئۆتۆمبێلی حكومی بەكار دەهێنن.


وەزارەتی ناوخۆی حكومەتی هەرێمی كوردستان لە نووسراوێکدا رایگەیاند:” نابێت ئۆتۆمبێلی میری جگە لە ژمارەی میری هیچ ژمارەیەكی دیكە لێ بدات، تەنیا ئەگەر بە بڕیار ئۆتۆمبێلەكە ژمارەی شارستانی پێ درابێ، بەدەر لەوە ئۆتۆمبێلەكە دەستی بەسەردا دەگیرێت و رووبەڕووی رێكاری یاسایی دەكرێتەوە.”


هۆشداری دراوە : “ئەوەی ئەو كارە بكات، ئەوا ئۆتۆمبێلەكەی رادەستی پۆلیسی هاتووچۆ دەكرێت و بۆ دادگا دەنێردرێت و فەرمانگەكەیشی لێ ئاگادار دەكرێتەوە.“


وەزارەتی ناوخۆ ئەوەشی خستووەتەڕوو: “ئۆتۆمبێلی خزمەتگوزاری ئەگەر ئەو ئۆتۆمبێلەی لەگەڵی بوو بەبێ فەرمانی شاندكردن، دەبێت لە لایەن بازگەكان رێگەی پێ نەدرێت لە ناوچەیەكەوە بۆ ناوچەیەكی دیكە لە رێگەی بازگەكان هاتووچۆ بكات.”


ئاماژە بەوەشدراوە، كە باجی رێگەپێدانی بەكارهێنانی ئۆتۆمبێلی میری دوای دەوام بە هەموو ئۆتۆمبێلێك نادرێت، تەنیا ئەو ئۆتۆمبێلانە نەبێت، كە بۆ كاری پێویستی فەرمانگە و وەزارەتەكانن.


بەپێی نووسراوەكەی وەزارەتی ناوخۆی هەرێم، “فۆڕمی تایبەت هەیە بۆ ئەو ئۆتۆمبێلانەی لەدوای دەوام پێویستن بۆ بەكارهێنان، دەبێت رەزامەندیی هەبێت و وێنەی شۆفێری لەسەر بێت و هۆكاری بەكارهێنانی بە ڕوونی دیار بكرێت.”


جەختیش كراوەتەوە لەوەی، ئۆتۆمبێلی خزمەتگوزاری دەبێت لەدوای كۆتاییهاتنی ئەركی فەرمی لە گۆڕەپانی فەرمانگە، یان هەر فەرمانگەیەكی حكومی نزیك شوێنی نیشتەجێبوونی شۆفێرەكە ڕابگیرێت، ئەویش بەپێی تۆمارێكی تایبەت.


;