لە کۆبوونەوەی حکومەتی ئەمریکا ڕۆژی سێشەممە لە واشنتۆن، ترەمپ ئاماژەی بە ئەگەری دەستپێکردنی هێرش بۆ سەر کۆڵۆمبیا کرد لە چوارچێوەی بەرەنگاربوونەوەی تاوانەکانی پەیوەست بە ماددە هۆشبەرەکان. ترەمپ وتی "دەبیستم کۆڵۆمبیا کۆکاین بەرهەم دەهێنێت، کارگەی کۆکاینیان هەیە، باشە؟ دواتر کۆکاینەکەیان بە ئێمە دەفرۆشن، هەرکەسێک ئەو کارە بکات و لە وڵاتەکەماندا بیفرۆشێت دەبێتە ئامانجی هێرشەکانمان، تەنها ڤەنزوێلا نا."
لەبەرامبەردا پێترۆ وەڵامی قسەکانی ترەمپی دایەوە و بانگهێشتی کرد بۆ سەردانی کۆڵۆمبیا بۆ ئەوەی شایەتحاڵی "لەناوبردنی نۆ تاقیگەی ماددە هۆشبەرەکان ڕێگریکردن لە گەیشتنی کۆکاین بۆ ئەمریکا بێت".
لە پۆستێکدا لە پلاتفۆرمی سۆشیال میدیا ئێکس، پێترۆ ئاماژەی بەوە کردووە کە لە دوای دەستبەکاربوونی لە ساڵی 2022دا، 18 هەزار و 400 تاقیگەی "بەبێ مووشەک" لەناوبردووە.
ئاماژەی بەوەشکرد: وەرە لەگەڵم، من فێرت دەکەم چۆن لەناویان ببەیت، لە هەر 40 خولەکدا تاقیگەیەک، بەڵام هەڕەشە لە سەروەری ئێمە مەکە، چونکە پڵنگەکە بەئاگا دێنیتەوە، هێرشکردنە سەر سەروەریمان واتە ڕاگەیاندنی شەڕ، زیان بە پەیوەندییە دیپلۆماسییەکان مەدە کە دوو سەدەی خایاندووە.
پێترۆ وتیشی: "ئێوە پێشتر ناوبانگی ئێمەتان لەکەدار کردووە بەردەوام مەبن لەسەر ئەم ڕێگایە، وە ئەگەر هەر وڵاتێک بەشداری کردبێت لە ڕێگریکردن لە گەیشتن بە هەزاران تۆن کۆکاین بە بەکارهێنەرانی ئەمریکای باکوور، ئەوا کۆڵۆمبیایە."
لەم دواییانەدا پەیوەندییەکانی نێوان بۆگۆتا و واشنتۆن بە شێوەیەکی بەرچاو تێکچووە، حکومەتی ئەمریکا پێترۆی تۆمەتبار کرد بەوەی کە بە ڕادەی پێویست پتەو نەبووە لە ڕووبەڕووبوونەوەی باندەکانی ماددە هۆشبەرەکان و سەپاندنی سزا بەسەریاندا.
