Apora Logo

دۆناڵد ترەمپ بۆ دەستپێکردنەوەی گفتوگۆکان لەگەڵ ئێران سێ مەرجی قورسی داناوە

دۆناڵد ترەمپ بۆ دەستپێکردنەوەی گفتوگۆکان لەگەڵ ئێران سێ مەرجی قورسی داناوە

دۆناڵد ترەمپ بۆ دەستپێکردنەوەی گفتوگۆکان لەگەڵ ئێران سێ مەرجی قورسی داناوە

2/12/2025

ئەندامێکی لیژنەی یاسایی پەرلەمانی ئێران ئاشکرای دەکات، شازادەی جێنشینی سعودیە مەرجەکانی دۆناڵد ترەمپی بۆ دەستپێکردنەوەی دانوستانەکان گەیاندووەتە تاران، کە خۆی لە سێ خاڵی سەرەکیدا دەبینێتەوە و بەرپرسە ئێرانییەکە بە "ناماقووڵ" وەسفیان دەکات.

میدیاکانی ئێران لە زاری موجتەبا زونور، ئەندامی لیژنەی یاسایی لە ئەنجوومەنی شورای ئێران (پەرلەمان) بڵاویان کردەوە، محەمەد بن سەلمان، شازادەی جێنشینی سعودیە مەرجەکانی سەرۆکی ئەمریکای پێ گەیاندوون بۆ بەردەوامبوونی دانوستانەکان و گەیشتن بە ڕێککەوتن لەگەڵ تاران.

زونور ئاماژەی بەوە داوە کە هەموو مەرجەکان "ناماقووڵن" و ڕوونی کردەوە، دۆناڵد ترەمپ سێ مەرجی سەرەکیی داناوە کە بریتین لە:

1- گەیشتن بە ئاستی پیتاندنی سفر لەناو خاکی ئێراندا.

2- پچڕاندنی پەیوەندی و هاوکارییەکان لەگەڵ گرووپە چەکدارەکان (کە ئێران بە بەرەی موقاوەمە ناویان دەبات).

3- کەمکردنەوەی مەودای مووشەکەکان.

ئەم پەیامە لەکاتێکدایە کە لە 17ـی تشرینی دووەمی ڕابردوودا، محەمەد بن سەلمان پەیامێکی دەستنووسی لە مەسعود پزیشکیان، سەرۆک کۆماری ئێرانەوە پێ گەیشتبوو، پێش ئەوەی سەردانی ویلایەتە یەکگرتووەکانی ئەمریکا بکات و لەگەڵ دۆناڵد ترەمپ کۆ ببێتەوە.

جێی باسە پێشتریش ئیسماعیل بەقایی، وتەبێژی وەزارەتی دەرەوەی ئێران ڕایگەیاندبوو کە تاران لەڕێگەی نێوەندگیرییەوە پەیوەندییەکانی لەگەڵ واشنتن هێشتووەتەوە و کراوەیە بۆ دانوستان سەبارەت بە بەرنامە ئەتۆمییەکەی، بە مەرجێک مافی خۆی لە پەرەپێدانی وزەی ئەتۆمی بۆ مەبەستی ئاشتیانە بپارێزێت.



;