Apora Logo

مەزڵوم عەبدی و ئیلهام ئەحمەد و سەردانی تورکیا دەکەن

مەزڵوم عەبدی و ئیلهام ئەحمەد و سەردانی تورکیا دەکەن

ئامادەكاری دەكرێت بۆ ئەوەی مانگی داهاتو هەریەكە لە مەزڵوم عەبدی، فەرماندەی گشتی هەسەدە و ئیلهام ئەحمەد، بەرپرسی پەیوەندییەکانی دەرەوەی ئیدارەی خۆسەری سەردانی توركیا بكەن

1/12/2025

ئامادەكاری دەكرێت بۆ ئەوەی مانگی داهاتو هەریەكە لە مەزڵوم عەبدی، فەرماندەی گشتی هەسەدە و ئیلهام ئەحمەد، بەرپرسی پەیوەندییەکانی دەرەوەی ئیدارەی خۆسەری سەردانی توركیا بكەن و دیدار لەگەڵ عەبدوڵا ئۆجەلان، ڕێبەری زیندانیكراوی پەكەكە ئەنجام بدەن و رێككەوتنێكی نوێش واژۆبكرێت. هەروەها توركیاش ئامادەكاری بۆ ئازادكردنی ئۆجەلان دەكات.


عەبدولڕەحیم سەماوی، سەرۆکی سەنتەری "تەمل" بۆ توێژینەوە لە میانەی چاوپێكەوتنێكدا لەگەڵ كەناڵی "وڵات تیڤی" ڕایگەیاند، چاوەڕوان دەکرێت مانگی داهاتو مەزڵوم عەبدی و ئیلهام ئەحمەد سەردانی تورکیا بکەن، سەردانەکە کۆبونەوەیەك لەگەڵ ئۆجەلان و واژۆکردنی رێککەوتنێکی نوێ لەخۆدەگرێت، کە تەواوکەری رێککەوتنی پێشوی نێوان مەزڵوم عەبدی و ئەحمەد شەرع، سەرۆكی كاتی سوریا و بڕگەکانی دەبێت.


ئاماژەی بەوەشکرد، ئەو رێککەوتنەی كە لەنێوان ئۆجەلان و حکومەتی تورکیا کراوە لەم راگەیاندنەوە سەرچاوەی گرتوە، ئەنقەرە هەنگاوی ئەرێنی ناوە، لەوانە گۆڕینی گوتاری سیاسی بەرامبەر پەكەكە. هەروەها ئامادەکارییەکان لە تورکیا بەردەوامن بۆ ئەوەی بەمنزیکانە یاسایەکی نوێ دەربکەن، كە زامنی ئازادکردنی ئۆجەلان بكات لەژێر چاودێری و سەرپەرشتیکردنی حکومەتی تورکیا، جگە لە گەڕانەوەی گەریلاكانی پەکەکە بۆ سەر ماڵ و حاڵی خۆیان و چارەسەركردنی بارودۆخیان.


بە وتەی عەبدولڕەحیم سەماوی، یاسا نوێیەکانی توركیا مافە کولتوری و نەتەوەییەکانی گەلی کورد دەستەبەر دەکات، گرتنەبەری ئەو هەنگاوە بنەڕەتی و مێژوییانەش پێویستی بە کات و دان بەخۆگرتن هەیە، حکومەتی تورکیا بە خێرایی هەنگاو دەنێت بۆ دەستەبەرکردنی سەرکەوتنی پرۆسەی ئاشتی.


ئەوە لەكاتێكدایە مەزڵوم عەبدی هەفتەی ڕابردو لە چاوپێكەوتنێكی ڕۆژنامەوانیدا ڕایگەیاند، لەگەڵ توركیا كەناڵی پەیوەندی كراوەیان هەیە و دەیانەوێت ئەو پەیوەندییە بكەنە فەرمی، هەروەها دەشیانەوێت سەردانی ئیمڕاڵی بكەن بۆ دیدار لەگەڵ عەبدوڵا ئۆجەلان، ڕێبەری پەكەكە و ئەویش داوایەكی لەو شێوەیەی هەبوە.


;