ئەمڕۆ دووشەممە ١ـی کانونی یەکەمی ٢٠٢٥، وەزارەتی تەندروستی لە راگەیەندراوێکدا وتی، لە پشکنینەکانی ١١ مانگی ئەمساڵدا، ٨٧ حالەتی ئایدز دەستنیشان کراوە کە تیایدا ٦٤ حالەتی بیانی و هاوڵاتییانی دەرەوەی هەرێمن و ٢٣ حالەتی هاوڵاتی و دانیشتوی ناو هەرێمن و کاری پێویستیان بۆ ئەنجام دراوە.
ئاماژەی بەوەشكرد، هەموو حالەتەکانی نوێ و ساڵانی رابردووی دانیشتوی هەرێمیش، لەژێر چاودێریی تەندروستی و خۆپارێزیدان کە ژمارەی تێکڕای هەموو ساڵەکان ١٥٠ حالەتی هەڵگری ڤایرۆسی ئایدزن و بەردەوام پشکنینی پێویست و چارەسەر و هۆشیاریی تەندروستییان پێ دەدرێت.
بەپێی راگەیەندراوەکە، لە ماوەی ١١ مانگی رابردوو، تەنها لە کەرتی گشتی، نزیکەی ٦٠٩ هەزار و ٣٠٦ تێستی پشکنینی تاقیگەیی خوێن بۆ دۆزینەوەی ڤایرۆسی ئایدزئەنجام دراوە، بەتایبەتی بۆ هەمو کەسانی بیانی پێش پێدانی مۆڵەتی نیشتەجێ بون.
هاوکات، ١ـی کانونی یەکەمی هەموو ساڵێك بە رۆژی جیهانیی ئایدز دەستیشانكراوە و لە جیهاندا زیاتر لە ٤٠ ملیۆن مرۆڤ ڤایرۆسی کەمیی بەرگریی لەش (ئایدز)یان هەیە و ساڵانە نزیکە یەک ملیۆن کەس دەمرن و زیاتر لە دوو ملیۆن کەسی تریش وەک توشبوی نوێ دەستنیشاندەکرێن و تائێستا چارەسەری بنبڕکەری ئایدز نییە.
ئایدز نەخۆشییەکی ڤایرۆسیی درمە و لە کەسێکەوە بۆ کەسێکی تر دەگوازرێتەوە بەهۆی رێگاکانی خوێن یان دایک بۆ کۆرپە یان هەر بەرکەوتەیەکی راستەوخۆی خوێن و دەردراوەکانی دیکەی توشبوو.
