Apora Logo

نەیجیریا کۆگای یۆرانیۆمی خۆی دەخاتە بازاڕی نێودەوڵەتی بۆ فرۆشتن

نەیجیریا کۆگای یۆرانیۆمی خۆی دەخاتە بازاڕی نێودەوڵەتی بۆ فرۆشتن

دەسەڵاتدارانی نەیجیریا ڕایانگەیاند، کە یۆرانیۆمی بەرهەم هێنراوی کۆمپانیای سۆمایر کە لقێکی کۆمپانیای زەبەلاحی فەڕەنسی ئۆرانایە، پێش ئەوەی لە مانگی حوزەیران بە نیشتمانی بکرێت، دەخاتە بازاڕە نێودەوڵەتیەکان بۆ فرۆشتن.

1/12/2025

شەوی ڕابردوو تەلەفزیۆنی فەرمی نەیجیریا "تێلی ساحل"، بڵاویکردەوە، سەرۆکی ئەنجومەنی سەربازی، ژەنەڕاڵ "عەبدول رەحمان تیشانی" لە پەیامێکیدا ڕایگەیاندووە، مافی ڕەوای نەیجیریایە بۆ چۆنیەتی مامەڵەکردن بە سامانی سروشتیی وڵاتەکەی و فرۆشتنیان بە هەرکەسێک بیەوێت بیانکڕێت، بەپێی یاساکانی بازاڕ و بە سەربەخۆیی تەواو.


کانگاکردنی یۆرانیۆم لە نەیجیریا لە ساڵی 2023ەوە خاڵی ناکۆک و تەوەری سەرەکی ململانێی نێوان ئەنجوومەنی سەربازی دەسەڵاتدار و کۆمپانیای ئۆرانۆیە کە بەڕێژەی 90% خاوەندارێتییەکەی بۆ حکومەتی فەرەنسا دەگەڕێتەوە و دەیان ساڵە کانەکانی یۆرانیۆم لە نەیجیریا بەڕێوەدەبات.


سێرگی تسڤیلێڤ وەزیری وزەی ڕووسیا لە مانگی تەمموزدا ڕایگەیاندبوو کە مۆسکۆ دەیەوێت یۆرانیۆم لە نەیجیریا دەربهێنێت.


لەو کاتەوەی ئەنجوومەنی سەربازی لە کودەتایەکەی ساڵی 2023 دەستی بەسەر دەسەڵاتدا گرتووە، نەیجیریا بۆ بەرەنگاربوونەوەی "یاخیبوونی جیهادییەکان" پەنای بۆ ڕووسیا برد، لە هەمان کاتدا پشتی لە فەرەنسا کرد کە دەسەڵاتی کۆلۆنیالی پێشوبوو تۆمەتباری کرد بە پاڵپشتیکردنی گروپە جوداخوازەکان.


لە ساڵی 2024دا نەیجیریا مافی ئۆرانۆی هەڵوەشاندەوە کە سێ کانگای گەورە لە خۆ دەگرێت ئەوانیش "سۆمەر، کومێناک و ئیمۆرارێن" کە یەکێک لە گەورەترین کۆگاکانی یۆرانیۆمی جیهان لەخۆدەگرێت.


ئۆرانۆ بە فەرمی پشکەکانی 60% لە کۆمپانیاکانی سەر بە خۆیدا دەهێڵێتەوە و ڕێکاری ناوبژیوانی جۆراوجۆری گرتووەتەبەر لە هەوڵێکدا بۆ وەرگرتنەوەی کۆنترۆڵی کارپێکردنی کانەکان.


لە ساڵی 2022دا، نەیجیریا چارەکێک

یۆرانیۆمی سروشتی بۆ وێستگە ئەتۆمییەکانی ئەوروپا پێکهێناوە، بەپێی داتاکانی ڕێکخراوی ئەتۆمی یۆراتۆم.

;