Apora Logo

دوایین هۆشداری؛ لە بەرامبەر جێهێشتنی ڤەنزوێلا، واشنتۆن "چانسی مانەوە" بە مادۆرۆ دەدات

دوایین هۆشداری؛ لە بەرامبەر جێهێشتنی ڤەنزوێلا، واشنتۆن "چانسی مانەوە" بە مادۆرۆ دەدات

ڕۆژنامەیەک ئاشکرایدەکات، ئەمریکا لە پەیوەندییە تەلەفۆنیەکەی نێوان سەرۆکی ئەمریکا و ڤەنزوێلا هۆشدارییەکی بە نیکۆلاس مادۆرۆ داوە کە ئەمەش هاوکاتە لەگەڵ هەنگاوەکانی واشنتۆن بەرەو کردەوەی سەربازی دژی کاراکاس.

1/12/2025

ڕۆژنامەی میامی هێراڵد بڵاویکردەوە، ناوەڕۆکی ئەو پەیوەندییەی تەلەفۆنیەی کە لە نێوان دۆناڵد ترەمپ و نیکۆلاس مادۆرۆ هاوتا ڤەنزوێلییەکەی بەڕێوەچوو پەیامێکی هەڵگرتبوو کە "هۆشداریی کۆتایی"، لەخۆ دەگرت و تەنیا یەک بژاردەی پێدابوو، ئەویش دەستبەجێ وڵات بەجێبهێڵێت.


ڕۆژنامەکە لە زاری سەرچاوە ئاگادارەکانەوە نووسیویەتی، پەیوەندییەکی تەلەفۆنی کە لەمێژە چاوەڕوان دەکرا لە نێوان کۆشکی سپی و کاراکاس، بە ئامانجی هێورکردنەوەی قەیرانەکە، پەیامێکی ڕوونی بۆ مادۆرۆ هەڵگرت ئەویش: دەتوانی خۆت و نزیکترین هاوکارەکانت ڕزگار بکەیت، بەڵام دەبێت لە ئێستاوە وڵات بەجێبهێڵیت.


سەرچاوەکان ئاماژەیان بەوەشکردووە، "پەیامەکەی ئەمریکا بۆ مادۆرۆ ڕاستەوخۆ بووە و بەڵێنێکی هەڵگرتووە کە گەرەنتی تێپەڕاندنی سەلامەتی بۆ خۆی و سیلیا فلۆریسی هاوسەری و کوڕەکەی بکات، تەنها ئەگەر ڕازی بێت دەستبەجێ دەستلەکاربکێشێتەوە".


ڕۆژنامەکە بڵاویکردەوە، "بەخێرایی بانگەوازەکە گەیشتە بنبەست، لەگەڵ جیابوونەوەی هەڵوێستی هەردوولا، واشنتۆن داوای کرد مادۆرۆ و هاوپەیمانە سەرەکییەکانی دەستبەجێ ڤەنزوێلا بەجێبهێڵن بۆ ئەوەی ڕێگە بە گەڕاندنەوەی دەسەڵاتی دیموکراسی بدەن".


ڕۆژنامەکە دەشڵێت "لە بەرامبەردا سەرکردەکانی ڕژێم لە ڤەنزوێلا پێشنیاریان کرد کە دەسەڵاتی سیاسی ڕادەستی ئۆپۆزسیۆن بکرێت و لە هەمان کاتدا فەرماندەیی هێزە چەکدارەکان بپارێزن". 


گفتوگۆکە لە کاتێکدا بووە کە نیشانەکانی پەرەسەندنی گرژییەکان زیاتربووەو، ئاماژەکان بەو ئاڕاستەیەن ئیدارەی ترەمپ خۆی ئامادە دەکات بۆ قۆناغێکی شەڕانگێزتر لە ئۆپەراسیۆنەکان کە کارتێلی بەناو "دی لۆس سۆڵس"ی ڤەنزوێلا کردە ئامانج، کە واشنتۆن دەڵێت مادۆرۆ لەگەڵ بەرپرسانی باڵای دیکە سەرکردایەتی دەکات.


واشنتۆن بەردەوام مادۆرۆ و هاوپەیمانە سەرەکییەکانی بە بەڕێوەبردنی کارتێلەکە تۆمەتبار کردووە و لە ساڵی 2020 وەزارەتی دادی ئەمریکا سەرۆکی ڤەنزوێلا و زیاتر لە 12 بەرپرسی تۆمەتبار کرد و ڕژێمەکەی بە کارگەیەکی "ماددە هۆشبەرەکان و تیرۆریستی"، وەسف کرد.


پێشتر ویلایەتە یەکگرتووەکانی ئەمریکا خەڵاتی 50 ملیۆن دۆلاری بۆ هەر کەسێک ڕاگەیاند کە ببێتە هۆی دەستگیرکردنی مادۆرۆ، کە گەورەترین خەڵاتە کە تا ئێستا پێشکەش بە سەرۆکێکی دانیشتووی دەوڵەت کراوە.


هەروەها ویلایەتە یەکگرتووەکانی ئەمریکا خەڵاتی 25 ملیۆن دۆلاری بۆ هەرکەسێک زانیاری پێشکەش بکات کە ببێتە هۆی دەستگیرکردنی دیۆسدادۆ کابێلۆ سەرۆکی پارتی دەسەڵاتداری ڤەنزوێلا.


ترەمپ ڕۆژی پێنجشەممە ڕایگەیاند کە ئۆپەراسیۆنە سەربازییەکانی ئەمریکا کە تا ئێستا سەرنجیان لەسەر لێدانی کەشتیەکان بووە لە کەنارەکانی کاریبی بەم زووانە فراوان دەبن و خاکی ڤەنزوێلا دەگرێتەوە.


لە لێدوانێکیدا بۆ ئەندامانی خزمەتگوزاری لە میانی پەیوەندییەکی تەلەفۆنیدا لە ڕۆژی سوپاسگوزاریدا، وتی هێزە چەکدارەکانی ئەمریکا زۆر بە زوویی دەست بە ئۆپەراسیۆنە زەمینییەکان دەکەن بۆ تێکدانی تۆڕەکانی بازرگانیکردن بە ماددە هۆشبەرەکانی ڤەنزوێلا.

;