ئەمڕۆ دووشەممە یارییەکانی جامی عەرەب لە قەتەر بەدوو یاری دەستپێدەکات، یاری یەکەم لە یاریگای ئەحمەد بن عەلی کاتژمێر 4ی ئێوارە بەڕێوەدەچێت، یاریگای ئەل بەیت لە شاری ئەلخۆر کاتژمێر 6:45ی ئێوارە میوانداری یاری دووەم دەکات.
هەڵبژاردەی عێراق چوارشەممەی داهاتوو کاروانی یارییەکانی لە پاڵەوانێتییەکەدا دەستپێدەکات و لە یاریگای مۆندیالی 974 بەرامبەر بە هەڵبژاردەی بەحرەین یاری دەکات.
جامی عەرەبی 2025 کە بە فەرمی لەلایەن فیفاوە سەرپەرشتی دەکرێت و هەندێکجاریش بە جامی جیهانی عەرەبی ناودەبرێت، دەبێتە 11هەمین خولی پاڵەوانێتییەکە، کە لەلایەن فیفا ڕێکدەخرێت و قەتەر لە 1 تا 18ی کانونی یەکەمی 2025 میوانداری دەکات.
ئەمە سێیەم جارە قەتەر لە دوای ساڵانی 1998 و 2021 میوانداری ئەو چالاکییە دەکات، لە کاتێکدا هەڵبژاردەی جەزائیر نازناوی دوایین پاڵەوانێتی بردبووەوە.
یارییەکانی پاڵەوانێتییەکە لە شەش یاریگاکانی مۆندیالی 2022 بەڕێوەدەچن، کە بریتین لە؛یاریگای ئەحمەد بن عەلی، یاریگای شاری پەروەردە، یاریگای نێودەوڵەتی خەلیفە، یاریگای 974، یاریگای ئەلبەیت، یاریگای لوسەیل.
یاریگای لوسایل لە 18ی کانونی یەکەمی 2025 میوانداری یاری کۆتایی دەکات، هەمان ئەو وادەیەی ئەرجەنتین سێیەم نازناوی مۆندیالی خۆی بەرامبەر فەرەنسا بە لێدانی سزا لەبەردەم 89 هەزار هاندەر بەدەستهێنا.
سەبارەت بە پەخشی تەلەفزیۆنی، کۆمپانیای beIN SPORTS کەناڵی کراوەی خۆی تەرخان کردووە بۆ پەخشکردنی یارییەکانی پاڵەوانێتییەکە، جگە لەم کەناڵانەی خوارەوە: ئەبوزەبی سپۆرت، ئەلکاس، ئەلرەبیعە سپۆرت، دوبەی سپۆرت، کوێت سپۆرت، هەروەها پەخشکردن لە ڕێگەی ئەپڵیکەیشنی شاشە.
پاڵەوانێتییەکە چوار کۆمەڵە لەخۆدەگرێت و دوو تیپی سەرەوەی هەر کۆمەڵەیەک سەردەکەون بۆ قۆناغی کۆتایی، کە قۆناغی چارەکی کۆتایی و قۆناغی پێش کۆتایی و کۆتایی لەخۆدەگرێت.
لە ئەگەری یەکسانبوون لە خاڵەکاندا، پێوەرەکانی یەکسانبوون بەکاردەهێنرێن، لەوانە ئەنجامی سەر بە سەر، جیاوازی گۆڵ، ژمارەی گۆڵەکانی تۆمارکراو، پاشان هەڵسوکەوتی یاریزانان و لە کۆتاییدا، ڕیزبەندی فیفا لەکاتی پێویستدا.
لە قۆناخی کۆتایی پاڵەوانێتییەکە پەیوەستە بە ئەگەری زیادکردنی کاتی زیادە و پەنابردنە بەر لێدانی سزا بۆ ئەوەی بڕیار بدرێت کێ سەردەکەوێ.
فیدراسیۆنی تۆپی پێی عەرەبی خشتەی یارییەکانی هەڵبژاردەی عێراقی لە پاڵەوانێتییەکەدا ڕاگەیاندبوو، کە تیایدا لە ٣ی کانوونی دووەمەوە گەشتەکەیان بە یارییەک بەرامبەر بەحرەین لە یاریگای 974 دەست پێدەکات، دواتر لە شەشەمی هەمان مانگ لە هەمان یاریگا ڕووبەڕووی سودان دەبنەوە، پێش ئەوەی قۆناغی کۆمەڵەکان بە یارییەک بەرامبەر هەڵبژاردەی جەزائیر لە 9ی کانوونی دووەم لە یاریگای نێودەوڵەتی خەلیفە کۆتایی پێبهێنن.
ئەمە دووەم خولە کە بە سەرپەرشتی فەرمی فیفا بەڕێوەدەچێت، دوای ئەوەی فیدراسیۆنی نێودەوڵەتی لە چاپەکانی ئەم دواییەدا ڕەزامەندی لەسەر پاڵەوانێتییەکە دەربڕی.
