میدیاکانی ئۆپۆزسیۆنی تورکیا باسیان لە سەرهەڵدانی شەپۆلێکی ناڕەزایەتی و دووبەرەکی لەناو پارتی بزووتنەوەی ناسیۆنالیست (مەهەپە) کە هاوبەشی هاوپەیمانی پارتی دادو گەشەپێدانی دەسەڵاتدارە، سەبارەت بە پڕۆسەی ئاشتی لەگەڵ پارتی کرێکارانی کوردستان (پەکەکە) کرد. ئەمەش دوای سەردانێکی شاندێکی پەرلەمانی تورکیا دێت بۆ زیندانی ئیمرالی کە عەبدوڵا ئۆجالان سەرۆکی پەکەکە لەوێ زیندانی کراوە.
بەگوێرەی ڕاپۆرتێکی ڕۆژنامەی جمهوریەت، گرووپە گەنجەکانی ناو حیزب کە بە "ئولکو ئۆجاکلاری" یان گورگە بۆرەکان ناسراون، ناڕازی بوون لە هەڵوێستی سەرکردایەتی پارتەکەیان مەهەپە، بەتایبەتی دوای ئەوەی لە مانگی ئۆکتۆبەری ساڵی ڕابردوودا دەوڵەت باخچەلی ڕێبەری پارتەکە بانگەوازی یەکلاکردنەوەی پرسی کورد و ئاشتەوایی لەگەڵ ئۆجالان کرد. ڕۆژنامەکە بڵاویکردەوە، بەشێک لە گەنجانی ناسیۆنالیست لە میانی بۆنەیەکی زانکۆدا دروشمیان دژی ئۆجەلان وتەوە و جەختیان لە دژایەتی خۆیان بۆ پرۆسەی ئاشتی کرد
. ئەو خوێندکارانە ڕوونیان کردەوە کە ناڕەزایەتییەکەیان لە ڕێزگرتنیان بۆ باخچەلی کەم ناکاتەوە، بەڵکو ئۆجالان بە بەرپرسیار دەزانن لە گیانلەدەستدانی هەزاران کەس لە ڕێگەی چالاکییەکانی ڕێکخراوەکەوە.
