ئەمڕۆ چوارشەممە (26ی تشرینی دووەمی 2025) وەزارەتی بازرگانی وردەکاریی "تایبەتمەندییە تەکنیکییەکانی" عێراقی ئاشکراکرد کە ڕێگری لە هاتنە ژوورەوەی 4 جۆر ئۆتۆمبێلی زیانلێکەوتوو دەکات، بەمەبەستی ڕێکخستنی خێرایی هاوردەکردن هاوتەریب لەگەڵ ژێرخانی عێراق.
وتەبێژی وەزارەتەکە، محەمەد حەنون، بە میدیا عێراقیەکانی راگەیاندوە، “حکومەت لیژنەیەکی ناوەندی بە سەرۆکایەتی بەڕێوەبەری گشتی کۆمپانیای دابەشکردنی ئۆتۆمبێل و بە ئەندامێتی ئۆرگانە کەرتییە پەیوەندیدارەکان پێکهێناوە، بۆ ئامادەکردنی ڕێسای نوێ بۆ هاوردەکردنی ئۆتۆمبێل بە پشتبەستن بە تایبەتمەندییە تەکنیکی و ژینگەییەکان کە لەلایەن ڕێکخراوی ناوەندی بۆ ستانداردکردن و کۆنترۆڵکردنی کوالیتی سەر بە وەزارەتی پلاندانان.”
ئاماژەی بەوەشکرد، "لە پەیڕەوی نوێدا هاوردەکردنی چوار جۆر ئۆتۆمبێلی زیانلێکەوتوو بۆ هەمیشەیی قەدەغەکراوە کە تووشی ڕووداوی سەخت و لافاو و ئاگرکەوتنەوە و زیان بوون، بەمەبەستی دڵنیابوون لەوەی ئۆتۆمبێلی سەلامەت و کوالیتی بەرز دەچنە ناو بازاڕی عێراقەوە"، ڕوونیشیکردەوە "ئامانجی ئەم ڕێکارانە ڕێکخستنی ژمارە و جۆری ئۆتۆمبێلەکانە بۆ کەمکردنەوەی قەرەباڵغی هاتوچۆ، بەگوێرەی توانای ڕێگاوبانەکان".
سەبارەت بە وادەی جێبەجێکردنی، حەنون دووپاتی کردەوە کە "ئەنجوومەنی وەزارەت کۆتایی ساڵی 2025ی وەکو وادەی کۆتایی دیاریکرد بۆ ڕێکخستنی مۆڵەتی هاوردەکردن، لەگەڵ تایبەتمەندییە تەکنیکییەکانی عێراق کە بە مەرجی تەکنیکی ژمارە (167) ناسراوە لە 1ی 1ی 2026ەوە دەچێتە بواری جێبەجێکردنەوە"، ئاماژەی بەوەشدا کە "هەموو ئۆتۆمبێلە هاوردەکراوەکان لە ساڵی مۆدێلی 2025 بەدواوە دەگرێتەوە".
ئاماژەی بەوەشکرد، “رێساکان بە مانای وەستاندنی هاوردەکردنی ئۆتۆمبێلی مۆدێرن یان سنووردارکردنی نییە بۆ قەوارەیەکی دیاریکراو، بەو پێیەی کەرتی تایبەت ڕۆڵی سروشتی خۆی شانبەشانی کۆمپانیای گشتی بۆ بازرگانی ئۆتۆمبێل دەگێڕێت”، ئاماژەی بەوەشکرد، “توێژینەوە و پێشنیارێک هەیە کە بریتین لە دەستپێکردنەوەی سیستەمی (سکراپکردن) و هەڵوەشاندنەوەی ئۆتۆمبێلە کۆنەکان کە لەگەڵ تایبەتمەندییەکان ناگونجێت بەمەبەستی کەمکردنەوەی گەردنی تەنگ”.
