ڕۆژی سێشەممە لای چینگ تی، سەرۆکی تایوان لە وتارێکیدا بۆ ڕۆژنامەی واشنتۆن پۆست نووسیویەتی: "ئێمە هەوڵدەدەین ڕێگریکردن بەرز بکەینەوە بە زیادکردنی تێچووی زیاتر و نادڵنیایی بۆ پرۆسەی بڕیاردانی پەکین سەبارەت بە بەکارهێنانی هێز". پەکین ئیدیعای سەروەری خۆی بەسەر تایواندا دەکات و کردەوەی سەربازی بۆ کۆنترۆڵکردنی تایوان بەدوور نەگرتووە، ئەمەش وایکردووە تایوان بخاتە ژێر فشارێکی توندی سەربازی و ئابووری و دیپلۆماسییەوە.
ئەم هەنگاوە لە کاتێکدایە کە چین، تایوان بە پارێزگایەکی لادەر دەزانێت، ماوەی پێنج ساڵە فشارە سەربازی و سیاسییەکان چڕترکردۆتەوە بۆ سەری.
پێشتر چینگ تی باسی لە پلانەکانی زیادکردنی خەرجییەکانی بەرگری بۆ زیاتر لە 3%ی بەرهەمی ناوخۆیی تا ساڵی 2026 و 5%ی بەرهەمی ناوخۆیی تا ساڵی 2030 کردبوو، ئەمەش وەک وەڵامێک بۆ داواکارییەکانی ئەمریکا.
چینگ تی لە وتارەکەیدا ئاماژەی بەوەشکردووە، "ئەم پاکێجە گەورەیە نەک هەر بە شێوەیەکی بەرچاو پارە بۆ کڕینی چەکی نوێ لە ئەمریکاوە دابین دەکات بەڵکو تواناکانی تایوانیش زۆر بەرز دەکاتەوە".
حکومەتی تایوان پێشنیاری ئەوە دەکات کە خەرجییەکانی بەرگری تا ساڵی 2026 بگاتە 949.5 ملیار دۆلاری تایوانی (30.25 ملیار دۆلاری ئەمریکی).
بەڵام ڕەنگە حکومەتەکەی بەزەحمەت ڕەزامەندی پەرلەمان دەستەبەر بکات، چونکە ئۆپۆزسیۆن کوومینتانگ (KMT) کە بەدوای پەیوەندییەکی نزیکتر لەگەڵ پەکین دەگەڕێت، لەگەڵ هاوپەیمانەکەی کە پارتی گەلە، کۆنترۆڵی ئەو بودجەیە دەکات. چێنگ لی وێن، سەرۆکی تازە هەڵبژێردراوی KMT دژی پلانەکانی خەرجکردنی بەرگری لای دایە و دەڵێت تایوان "پارەی نییە".
