دۆناڵد ترەمپ، سەرۆکی ئەمریکا پاشگەزبووەوە لەو وادەیەی کە پێشتر بۆ ئۆکرانیا دیاریکردبوو بۆ ئەوەی تا ڕۆژی پێنجشەممە ڕەزامەندی لەسەر پلانی ئاشتی دەرببڕێت کە لەلایەن ئەمریکاوە پاڵپشتی دەکرێت. جەختی لەوەشکردەوە دوا وادە بۆ من ئەو کاتەیە کە ڕێککەوتنەکە تەواو بێت.
ترەمپ ئاماژەی بەوەشکرد، دانوستانکارانی ئەمریکا لە گفتوگۆکان لەگەڵ ڕوسیا و ئۆکرانیا پێشکەوتن بەدەستدەهێنن و مۆسکۆش ڕەزامەندی دەربڕیوە لەسەر هەندێک ئیمتیاز.
سەرۆکی ئەمەریکا ڕایگەیاند، ستیڤ ویتکۆف، نوێنەرەکەی لەگەڵ ڤلادیمێر پوتین، سەرۆکی ڕووسیا لە مۆسکۆ کۆدەبێتەوە، هاوکات جارێد کوشنەر زاواکەیشی بەشداری دەکات.
ترەمپ لە چەند ڕۆژی ڕابردوودا پشووی جەژنی سوپاسگوزاری ڕۆژی پێنجشەممەی دانابوو کە دەیەوێت ببینێت ئۆکرانیا ڕازی بێت بە ڕێککەوتنێک بۆ کۆتاییهێنان بە شەڕی ڕووسیا.
بەڵام ئەو و یاریدەدەرەکانی لە وادەیەکی دیاریکراو پاشەکشەیان کردووە و ئێستا دەڵێن حەز دەکەن بە زووترین کات ڕێککەوتنێک ئەنجام بدرێت.
پێشتر بلومبێرگ نیوز بڵاویکردەوە، ویتکۆف لە پەیوەندییەکی تەلەفۆنیدا لە 14ی ئۆکتۆبەر لەگەڵ یوری ئوشاکۆڤ، یاریدەدەری باڵای سیاسەتی دەرەوەی پوتین، ڕایگەیاندووە، پێویستە پێکەوە کاربکەن لەسەر پلانی ئاگربەست بۆ ئۆکرانیا و پوتین ئەو پلانە لەگەڵ ترەمپ بوروژێنێت.
