ئەمڕۆ چوارشەممە نرخی بەرمیلێک نەوتی خاوی برێنت گەیشتە 62 دۆلار و 67 سەنت، هاوکات نەوتی خاوی ئەمریکای ڕۆژئاوای تەکساس 14 سەنت بەڕێژەی 0.24% بەرزبووەوە و گەیشتە 58.09 دۆلار.
دابەزینی پێشووی نرخەکان دوای ئەوە هات کە ڤۆلۆدیمیر زێلێنسکی سەرۆکی ئۆکرانیا بە سەرکردەکانی ئەوروپای ڕاگەیاند کە ئامادەیە لە چوارچێوەیەکدا بەرەو پێشەوە بچێت کە ئەمریکا پشتیوانی دەکات بۆ کۆتاییهێنان بە شەڕەکە، ئەمەش ئاماژەیە بۆ ئەوەی خاڵی ناکۆکی نێوانیان کەم بۆتەوە.
لە چوارچێوەی هەنگاوە سیاسییەکاندا، دۆناڵد ترەمپ، سەرۆکی ویلایەتە یەکگرتوەکانی ئەمریکا ڕایگەیاند، نوێنەرەکانی ڕاسپاردووە کە کۆبوونەوەیەکی جیا لەگەڵ ڤلادیمێر پوتین سەرۆکی ڕوسیا و بەرپرسانی ئۆکرانیا ئەنجام بدەن، هاوکات سەرچاوەکان ئاماژەیان بەوە کردووە کە ڕەنگە زێلنسکی لە چەند ڕۆژی داهاتوودا سەردانی ئەمەریکا بکات بۆ کۆتاییهێنان بە ڕێککەوتنەکە.
ئەم پێشهاتانە لە کاتێکدایە کە بەریتانیا و ئەوروپا و ئەمریکا لەم دواییانەدا سزاکانی سەر ڕووسیایان توندتر کردووە لە چوارچێوەی هەڵمەتی فشاری توندوتۆڵدا، لە کاتێکدا پێشبینی دەکرێت کڕینی نەوتی ڕووسیا لەلایەن هیندستانەوە لە مانگی کانوونی دووەمدا دابەزێت بۆ نزمترین ئاستی لە ماوەی سێ ساڵی ڕابردوودا.
هەروەها نرخی نەوت پاڵپشتییەکی سنوورداری وەرگرت دوای ئەوەی چاوەڕوانییەکان بۆ ئەگەری دابەزاندنی ڕێژەی سوودی ئەمریکا لە مانگی کانوونی دووەمدا بەرزبووەوە، ئەمەش دوای ئەوەی داتاکان ئاماژەیان بە دابەزینی خەرجییەکانی تاکەکەسی و خاوبوونەوەی هەڵاوسان کردووە، ئەمەش دەتوانێت گەشەی ئابووری و خواست لەسەر نەوت بەرزبکاتەوە.
