- مارك ساڤایا نێردەی تایبەتی دۆناڵد ترەمپ سەرۆكی ئەمریكا بۆ عێراق ئەمڕۆ سێشەممە لە پۆستێكی تۆڕی كۆمەڵایەتی (ئێكس) راگەیاندووە "ئەمریكا ماوەیەكی دوور و درێژە پشتیوانی لە دامەزراوە ئەمنی و شەرعییەكان لە عێراق دەكات".
- ساڤایا راشیگەیاندووە "یەكێك لە هەوڵە هاوبەشەكانی نێوان ئەمریكا و عێراق شكستهێنانی داعش و رووبەڕووبوونەوەی كەسانی خراپ و بەرەوپێشبردنی سەقامگیرییە لە ناوچەكەدا، بەڵام سەرەڕای هەموو ئەمانەش هێشتا چاكسازی ریشەیی لەو وڵاتە پێویستە".
- نێردەی تایبەتی دۆناڵد ترەمپ جەختیشی كردەوە "كۆمپانیا ئەمریكییەكان كە لە رابردوودا ملیارەها دۆلاریان بۆ پاڵپشتی خەرج كردووە، وەك هاوبەشێكی سەرەكی لەو وڵاتە دەمێننەوە بە مەبەستی بەهێزكردنی ئاسایش و سەقامگیری و پاراستنی سەروەری خاكی عێراق".
- مارك ساڤایا رۆژی هەینی رابردووش لە پۆستێكی دیكەدا رایگەیاندبوو كە بڕیارە لە ماوەیەكی نزیكی داهاتوودا سەردانی عێراق بكات و لەگەڵ بەشێك لە سەركردەكان كۆببێتەوە.
- نەشی شاردبووەوە كە ئەمریكا لە نزیکەوە چاودێری پڕۆسەی پێکهێنانی حکوومەتی نوێی عێراق دەكات و بەهیچ شێوەیەك رێگە نادات هیچ دەستەوەردانێكی دەرەكی لە پڕۆسەكەدا رووبدات.
