عەلا فەهد ئەندامی نوسینگەی راگەیاندنی بانکی ناوەندی عیراق رایگەیاند، بەپێی دواین ئامارەکان عیراق لە ریزبەندی شەشەمی وڵاتانی عەرەبیدایە لە یەدەگی زێڕدا، دەشڵێت؛ رێژەی یەدەگی زێڕ لە ئاستێکی زۆر باشدایە و زیاتر لە 160 تۆنە.
وتیشی، بانکی ناوەندی هەوڵ دەدات لە رێگەی پلانێکەوە یەدەگەی زێڕی عیراق زیاد بکات، هەروەها سەبەتەی یەدەگەکان زیاد بکات بە پاراستنی یەدەگ و بەهاکەی و هەمەجۆریی کردنی، وەک بەشێک لە سیاسەتی دراویی کە بانکی ناوەندی پشتی پێدەبەستێت.
سەبارەت بە بەهای دیناری عیراقی و دراو، عەلا فەهد ئەوەی خستەڕوو، ئامانجی بانکی ناوەندی پاراستنی بەهای دیناری عیراقییە، هەروەها پاراستنی ئاستی هەڵاوسان و کارکردن لە ئاستی نێودەوڵەتیدا، راشیگەیاند، بانکی ناوەندی لە ماوەی رابردوودا کاری کردووە بۆ بەهێزکردنی یەدەگەکان و هەمەجۆرکردنیان، و ئەوە بەشێکە لە سیاسەتی بانکی ناوەندی کە تەنها دۆلاری نەبێت بەڵکو هەمەجۆرکردنی سەبەتەی دراوە یەدەگەکان بە یەنی چینی و لیرەی تورکی و درهەمی ئیماراتی بە مەبەستی یەکخستنی بازرگانی دەرەوەی وڵاتان، جگە لە زیادکردنی کۆگای یەدەگی زێڕ، کە ئەوە رۆڵێکی گەورەی هەیە لە پاراستنی قەبارە و بەهای ئەم وەبەرهێنانانە.
