چلەمین دادگای سزاکانی ئیستانبوڵ، ئەو لیستەی پەسەند کرد کە لەژێر ناوی "رێکخراوی ئیمامئۆغڵو بۆ قازانج" ئامادەکرابوو و تێیدا ئەکرەم ئیمامئۆغڵو و 406 کەسی دیکە تۆمەتبار کراون.
بەپێی زانیارییەکان، دادگا لێکۆڵینەوەی لە دۆسیەی 407 گومانلێکراوەکە تەواو کردووە کە 105 کەسیان دەستگیرکراون، بڕیارە لە رۆژانی داهاتوودا کاتی دانیشتنی دادگاییەکە دیاری بکرێت.
لە لیستەکەدا داواکراوە سزای زیندانی لە 849 ساڵەوە بۆ 2 هەزار و 430 ساڵ و 6 مانگ بەسەر ئەکرەم ئیمامئۆغڵودا بسەپێنرێت.
تۆمەتەکان بریتین لە: "دامەزراندنی رێکخراو بە مەبەستی تاوان"، "وەرگرتنی بەرتیل"، سپیکردنەوەی پارە"، "تۆمارکردن و بڵاوکردنەوەی زانیاریی کەسی"، "فێڵکردن لە تەندەرەکان"، "زیانگەیاندن بە موڵکی گشتی" و چەندین مادەی یاسایی دیکە.
لە دۆسیەکەدا، هەریەکە لە فاتیح کەلێش، مورات ئۆنگون و ئادەم سۆیتەکین وەک بەڕێوەبەری رێکخراو" ناویان هاتووە.
فاتیح کەلێش: داوای سزای 556 ساڵ تا 1542 ساڵ زیندانی بۆ دەکرێت، بە تۆمەتی 48 جار وەرگرتنی بەرتیل و 55 جار فێڵکردن لە تەندەر.
مورات ئۆنگون: داوای سزای 287 ساڵ تا 779 ساڵ زیندانی بۆ دەکرێت.
لەم دۆسیەیەدا، وەزارەتەکانی ناوخۆ، دارایی، وزە، کشتوکاڵ و ژینگەی تورکیا وەک لایەنی زیانلێکەوتوو" لە تاوانەکان ناویان تۆمارکراوە. هەروەها داوا کراوە یاسای "پەشیمانبوونەوەی کارا" بۆ سێ لە تۆمەتبارەکان جێبەجێ بکرێت کە زانیارییان داوەتە پۆلیس.
