Apora Logo

نیوزلەندا جەنگ دژی پشیلە رادەگەیەنێت: 2.5 ملیۆن پشیلە لەناودەبات

نیوزلەندا جەنگ دژی پشیلە رادەگەیەنێت: 2.5 ملیۆن پشیلە لەناودەبات

کۆمەڵە و رێکخراوەکانی پاراستنی مافی ئاژەڵان نیگەرانی خۆیان نیشانداوە لەوەی "کوشتن" وەک رێگەی سەرەکی بەکاربهێنرێت

25/11/2025

حکومەتی نیوزلەندا پلانێکی نوێی بۆ رزگاربوون و لەناوبردنی تەواوەتی 2.5 ملیۆن پشیلەی کێوی تا ساڵی 2050 راگەیاند، ئەوەش بەهۆی ئەو زیانە گەورەیەی ئەو ئاژەڵانە بە سیستمی ژینگەیی وڵاتەکەی دەگەیەنن.

تاما پۆتاکا، وەزیری پاراستنی سروشت رونی دەکاتەوە، "ئەم هەنگاوە یەکەم زیادکردنی جۆرێکی نوێی ئاژەڵە بۆ ستراتیژیی (خاڵیبوون لە ئاژەڵی دڕندە 2050) کە وڵاتەکە لە ساڵی 2016ەوە وەک بەرنامەیەکی نیشتمانی جێبەجێی دەکات".

وەزیرەکە ئاماژەی بەوە کردووە، پشیلە کێوییەکان دەخرێنە هەمان لیستی ئاژەڵە زیانبەخش و دڕندەکانی وەک مشک و جۆرەکانی تر و بەرنامەی فراوان و رێکخراو بۆ کۆنترۆڵکردنیان جێبەجێ دەکرێت، بڕیارە لە ئاداری 2026 پلانێکی ورد بۆ چۆنێتی جێبەجێکردنی ئەم بڕیارە بڵاوبکرێتەوە.

بەپێی مەزەندەکان، نزیکەی 2.5 ملیۆن پشیلەی کێوی لە دارستان و دورگەکانی نیوزلەندا دەژین و کێشی هەندێکیان دەگاتە 7 کیلۆگرام، ئەم پشیلانە کاریگەری خراپیان لەسەر هەمەچەشنی ژینگەیی هەیە و مەترسییان بۆ سەر جۆرە دەگمەنەکانی باڵندە و شەمشەمەکوێرە دروستکردووە.

ئەم بڕیارە دوای ئەوە دێت کە راپرسییەکان دەریانخستووە لە سەدا 90ی بەشداربووان پشتیوانی لە کۆنترۆڵکردنی ئەم ئاژەڵانە دەکەن، هەرچەندە پلانەکە پشیلەی ماڵی (ماڵی هاووڵاتیان) ناگرێتەوە، بەڵام نیوزلەندا کە یەکێکە لەو وڵاتانەی زۆرترین پشیلەی ماڵییان هەیە، روبەڕوی ئاڵنگاری دەبێتەوە لە رێکخستنی خاوەندارێتییان.

لەلایەکی ترەوە، کۆمەڵە و رێکخراوەکانی پاراستنی مافی ئاژەڵان نیگەرانی خۆیان نیشانداوە لەوەی "کوشتن" وەک رێگەی سەرەکی بەکاربهێنرێت و داوای رێگەی "مرۆڤانەتر" دەکەن بۆ کۆنترۆڵکردنیان، وەک نەزۆککردن و دانانی چیپی ئەلیکترۆنی و دەرکردنی یاسایەک بۆ پابەندکردنی خاوەن پشیلەکان بەوەی ئاژەڵەکانیان لە ماڵەوە بهێڵنەوە.





;