شەڕ و ئاڵۆزییەكانی نێوان پاكستان و ئەفغانستان دەستیپێكردەوە و لە ئەنجامی هێرشێكی پاكستانیشدا بۆسەر ئەفغانستان نۆ منداڵ و ژنێك كوژران.
زەبیحوڵا موجاهید وتەبێژی تاڵیبان رایگەیاند، درەنگانی شەوی رابردوو سوپای پاكستان، هێرشێكی ئاسمانی كردووەتەسەر پارێزگای خوست لە ئەفغانستان و بەهۆیەوە لە ماڵێكدا 10 كەس كوژراون، كە پێكهاتوون لە نۆ منداڵ و ژنێك.
ئاماژەی بەوەشكردووە، سوپای پاكستان هێرشی ئاسمانی هاوشێوەی لە پارێزگاكانی كونار و پاكتیكا ئەنجامداوە و بە هۆیەوە چوار كەس برینداربوون.
ئەو هێرشانەش لە كاتێكدایە گرژییەكانی نێوان كابول و ئیسلام ئاباد رووی لە زیادبوون كردووە، تائێستاش سوپای پاكستان هیچ راگەیەنراوێكی رەسمی لەبارەی ئەو هێرشانە بڵاونەكردووەتەوە.
