سوپای پاسدارانی ئێران هەڕەشەیەکی توند ئاڕاستەی ئیسرائیل دەکات و دەڵێت “گورزی کوشندەیان لێ دەدەین”
سوپای پاسدارانی ئێران، ئەمڕۆ دووشەممە، بەڵێنی دا کە گورزێکی کوشندە لە ئیسرائیل بدات و تۆڵەی کوژرانی عەلی هەیسەم تەبتەبائی، سەرۆک ئەڕکان و کەسی دووەمی حزبوڵڵای لوبنانی بکاتەوە.
دوێنێ یەکشەممە، سوپای ئیسرائیل لە ڕێگەی هێرشێکی ئاسمانییەوە بۆ سەر شوقەیەکی نیشتەجێبوون لە بەیروتی پایتەختی لوبنان، عەلی هەیسەم تەبتەبائی و چوار ئەندامی دیکەی حزبوڵڵا کوژران. حزبوڵڵا کوژرانی تەبتەبائی و چوار ئەندامی دیکەی لە هێرشەکەدا پشتڕاست کردەوە.
سوپای پاسداران ئەمڕۆ ڕاگەیاندراوێکی لەبارەی ئەو هێرشە بڵاوکردەوە و هێرشەکەی ئیسرائیلی بە “تاوانێکی دڕندانە” وەسف کرد. سوپای پاسداران بەڵێنی دایە لایەنگرانی کە”لە کاتێکی دیاریکراودا و بە توندی تۆڵەی کوشتنی تەبتەبائی لە ئیسرائیل دەکەینەوە.”
ئەمەش ئاماژەیەکی ڕوونە بۆ ئەوەی کە ئێران بەنیازە بە شێوەیەکی توند کاردانەوەی هەبێت بەرامبەر کوژرانی ئەم فەرماندە باڵایەی حزبوڵڵا.
لەلایەکی دیکەوە، وەزارەتی تەندروستیی لوبنان ڕایگەیاندووە کە لەوەتەی ڕێککەوتنی ئاگربەست ڕاگەیەندراوە، ٣٣١ کەس کوژراون و ٩٤٥ کەسی دیکەش بریندار بوون، ئەمەش قەبارەی زیانە مرۆییەکانی ئەو وڵاتە لە ئەنجامی گرژییەکاندا دەردەخات.
