ئەمشەو دوو شەممە ٢٤ ی تشرینی دووەم نوعمان کورتوڵموش، سەرۆکی پەرلەمانی توركیا هەواڵی تەوابوونی ئەو کۆبوونەوە گرنگەی وەفدی پەرلەمانی تورکیای لەگەڵ عەبدوڵا ئوجلان راگەیاند کە دەمێک ساڵە کورد چاوەڕوانی دەکات و دەڵێت" كۆبونەوەی شاندەكە لەگەڵ ئۆجەلان ئەرێنی بووە، گوێ لە لێدوانی تێروتەسەل گیراوە سەبارەت بە راگەیاندنەکانی رێکخراوەکە لەبارەی هەڵوەشاندنەوەو داماڵینی چەک لە دوای بانگەوازی ئاشتی و کۆمەڵگای دیموکراتیک لە ٢٧ی شوبات، هەروەها پرسیارەکانی تایبەت بە جێبەجێکردنی رێککەوتنی (١٠)ی ئازار ".
لە راگەیاندنێکدا کە لیژنە پەرلەمانییەکە دوای کۆبوونەوەکە بڵاویانکردەوە " پرسیاریان لە سەرۆکی پەکەکە ئۆجالان کردووە لەبارەی بانگەوازی ئاشتیی و کۆمەڵگای دیموکراتی و دواتر بڕیاری هەڵوەشاندنەوە و بێدەنگکردنی چەکەکانی پەکەکە و ڕێککەوتنی ۱۰ـی ئازار، و وەڵامی بەرفراوانیان وەرگرتووە.”
کۆمیسیۆنەکە ئاماژەی بەوەدا، کە ئەنجامی کۆبوونەوەکە بۆ یەکگرتنی کۆمەڵایەتی، پێکەوەژیانی خوشک-برایەتی و بەڕێوەچوونی پڕۆسەکە ئەرێنی بووە.
کۆمیسیۆنەکە جەختی لەسەر ئەوە کردەوە، کە لێرەش بەدواوە بۆ بەدەستهێنانی ئامانجەکانیان بەردەوام دەبن لەسەر هەڵوێستی بە بڕیاری خۆیان.
کۆبوونەوەکە کە بە دوور لە چاوی میدیاکان بەڕێوەچووە، وەفدی پەرلەمانی تورکیا بە ئەندامێتی گوڵستان کلیچ کۆچیغیت، جێگری هاوسەرۆکی دەم پارتی و فەتی یڵدز، جێگری سەرۆکی مەهەپە و حسێن یامان، پەرلەمانتاری پارتی دادو گەشەپێدان ، سێ کاتژمێری خایاندووە.
بڕیارە لیژنەکەی پەرلەمانی توركیا لەم هەفتەیەدا جارێکی دیکە کۆببێتەوەو ئەو شاندەی کە سەردانی ئیمرالییان کردووە، کورتەیەک لە وردەکارییەکانی کۆبونەوەکە لەگەڵ ئۆجالان بە لیژنەکە بگەیەنن.
