تەیف سامی، وەزیری دارایی عێراق بە بەرپرسێكی كوردی وتوە: دووشەممە دەست بە دابەشکردنی مووچەی فەرمانبەرانی خۆماندەکەین، دوای ئەوە هی کوردستانیش دەنێرین
بەرپرسێکی باڵای کورد لە بەغدا لەگەڵ تەیف سامی، وەزیری دارایی عێراق کۆبووەتەوە و باسی مووچەیان کردووە. بەگوێرەی قسەی تەیف سامی، ڕەنگە کۆتایی ئەم هەفتەیە مووچەی مانگی 9 خەرج بکات
میدیاكانی پارتی لەزاری ئەو بەرپرسە باڵایەی كورد، كە ناوەكەی ئاشكرانەكراوە بڵاویانكردەوە، دوێنێ یەك شەممە لەگەڵ تەیف سامی لەبارەی مووچە کۆبووەتەوە، تەیف سامی وتوویەتی: هێشتا لە عێراق دەستمان بە دابەشکردنی مووچە نەکردووە، ڕەنگە سبەی ئێوارە دەستپێبکەین، کەمێک ئارام بگرن بزانین چۆن دەبێت، دوای ئەوەی مووچەی ژمارەیەک وەزارەتی خۆمان دا هی ئێوەش دەنێرین
وتوشیەتی: لە عێراق کێشەی پارەی کاش هەیە و حکومەت پارەی پێویستی لەبەردەست نییە، لە کۆی 139 تریلیۆن دیناری چاپکراو، تەنیا 30 تریلیۆن دینار دیارە و لە بازاڕە، ئەویش زۆربەی لە دەستی خەڵکە، ئەوەی تر کەس نازانێ لە کوێیە و چی لێهاتووە؟
حکومەتی عێراق مانگانە پێویستی بە زیاتر لە 8 تریلیۆن دینارە بۆ مووچە، مانگانەش ئەو بڕەی پێ کۆناکرێتەوە، بۆیە مانگانە وەزارەتی دارایی عێراق بڕێک پارە لە بانکی ناوەندی وەردەگرێت بە قەرز و بەشێوەیەکی کاتی
لەبارەی وادەی ناردنی مووچەی خەڵکی کوردستان، بەرپرسە کوردەکە وتی: پێشبینی دەکەم ڕۆژی پێنج شەممە بنێردرێت، ئەگەرنا دەکەوێتە هەفتەی داهاتوو.
