Apora Logo

ئەمساڵ لە هەرێمی کوردستان 61 هاوڵاتی لە ئاودا خنکاون

ئەمساڵ لە هەرێمی کوردستان 61 هاوڵاتی لە ئاودا خنکاون

ئەم ساڵ لە هەرێمی کوردستان 61 کەس لە ئاودا خنکاون، زۆرترینیان لە هەولێر و کەمترینیشیان لە هەڵەبجە بووە.

24/11/2025

رۆژی دووشەممە، 24ـی تشرینی دووەمی 2025، سەرکەوت کاڕەش، بەڕێوەبەری راگەیاندنی بەرگریی شارستانیی هەرێمی کوردستان لە لێدوانێکدا رایگەیاند: "لە سەرەتای ئەمساڵەوە 61 هاوڵاتی لە هەرێمی کوردستان لە ئاودا خنکاون کە زۆرترینیان لە هەولێر و کەمترینیان لە هەڵەبجە بووە."


بە گوتەی سەرکەوت کاڕەش، لەناو خنکاوانی ئەمساڵدا تەرمی دوو کەس تا ئێستا نەدۆزراوەتەوە، کە یەکێکیان ئاڤێستایە و ئەوی دیکەش منداڵێکە، هۆکارەکەشی هەڵکەوتەی جوگرافیی و سەختی بەشێک لە شوێنەکانە بەهۆی بوونی ئەشکەوت و کون و کەلەبەر لەناو ئاوەکاندا.


ئاماژە بەوەشدەکات، هەر ئەم ساڵ 117 کەسیان لە خنکان رزگارکردووە. دەشڵێت، لە هەوڵی بەردەوامی هۆشیارکردنەوەی هاوڵاتییاندان بە مەبەستی کەمکردنەوەی رووداوەکانی خنکان لەڕێگە جیاوازەکانی وەک، هەڵواسینی رێنمایی و بوونی تیمەکانی بەرگریی لە زۆربەی شوێن و رووداوەکان.


ئاماری رووداوەکانی خنکان لە هەرێمی کوردستان بەم جۆرەیە: 


پارێزگای هەولێر؛ 21 کەس

پارێزگای سلێمانی؛ 3 کەس

پارێزگای دهۆک؛ 5 کەس

پارێزگای هەڵەبجە؛ 2 کەس

ئیدارەی سەربەخۆی زاخۆ؛ 8 کەس

ئیدارەی سەربەخۆی سۆران؛ 10 کەس

ئیدارەی سەربەخۆی راپەڕین؛ 2 کەس

ئیدارەی گەرمیان؛ 2 کەس

قەزای ئاکرێ؛ 8 کەس

;