ئەمڕۆ دووشەممە ڕادیۆی سوپای ئیسرائیل لە ڕاپۆرتێکیدا بڵاویکردۆتەوە، بەپێی هەڵسەنگاندنەکانی سوپای ئیسرائیل چەندین بژاردە هەیە کە چاوەڕواندەکرێت حزبوڵڵا وەک کاردانەوەیەک دوای تیرۆرکردنی هەیسەم تەبتەبایی فەرماندەی سەربازیی حزبوڵڵا بیگرێتەبەر.
بەپێی هەمان سەرچاوە، بژاردەکانی وەڵامدانەوە بریتین لە؛ هەڵدانی مووشەکێکی گەورە بۆ قووڵایی ئیسرائیل، هەروەها هەوڵەکانی دزەکردنە ناو خاکی ئیسرائیل یان بۆردومانکردنی پێگەکانی سوپا لە باشووری لوبنان لەخۆدەگرێت.
هەروەها هەڵسەنگاندنەکان ئاماژەیان بەوە کردووە کە حوسییەکان پلانێکی ئۆپەراسیۆنیان لە دژی ئیسرائیل بەرەو پێشەوە بردووە، بە لەبەرچاوگرتنی ئەوەی کە تەبتەبایی زۆر لەحوسییەکان نزیک بووە. هەروەها هەڵسەنگاندنەکانی ئیسرائیل هەڵبژاردنی حزبوڵڵا بۆ وەڵامنەدانەوەی کوشتنی تەبتەبایی ڕەتناکەنەوە.
ڕۆژی یەک شەممە سوپای ئیسرائیل بە فەرمی تیرۆرکردنی هەیسە عەلی تەبتەبایی، سەرۆکی ئەرکانی “حزبوڵڵا”ی لوبنانی، لە هەڵمەتێکدا لە باشووری بەیروت ڕاگەیاند.
سوپای ئیسرائیل لە بەیاننامەیەکدا ڕایگەیاندووە، "ئیسرائیل ڕووبەڕووی هەوڵەکانی بوژانەوە و پڕچەککردنەوەی حزبوڵڵا دەبێتەوە و هەر هەڕەشەیەک بۆ سەر ئیسرائیل و هاووڵاتیانی لادەبات"، جەختیشیکردەوە "پابەندبوونی سوپای ئیسرائیل بەو لێکتێگەیشتنانەی کە لەنێوان ئیسرائیل و لوبنان لەسەری ڕێککەوتوون".
ڕێککەوتنی ئاگربەستی نێوان حزبوڵڵا و ئیسرائیل لە 27ی تشرینی دووەمی 2024 کەوتە بواری جێبەجێکردنەوە و بڕیاربوو سوپای ئیسرائیل تا 26ی 1ی ئەمساڵ کشانەوەی خۆی لەو ناوچانەی لە باشووری لوبنان داگیری کردبوو تەواو بکات.
بەڵام ئیسرائیل پابەند نەبوو بەو وادەیە، و ئامادەبوونی سەربازی خۆی لە 5 خاڵی ستراتیژی لە باشووری وڵاتدا پاراست و بەردەوام بوو لە ئەنجامدانی هێرشی ئاسمانی بۆ سەر ناوچە جیاجیاکانی لوبنان لە کاتێکدا لوبنان ڕەتکردنەوەی یەکجارەکی خۆی بۆ هێرشەکانی ئیسرائیل دووپاتدەکاتەوە و داوای وەستاندنی دەکات.
