بەیانی ئەمڕۆ دووشەممە لە بازاڕەکانی جیهاندا نرخی نەوت بەراورد بە دوێنێ کەمێک دابەزینی بە خۆیەوە بینی بەرمیلێک نەوتی خاوی برێنت بە 62 دۆلار و 62 سەنت مامەڵەی پێوەکرا.
هاوشێوەی نەوتی خاوی برێنت، نرخی بەرمیلێک نەوتی تەکساسیش کەمێک دابەزی و بە 58 دۆلار و 6 سەنت مامەڵەی پێوەکرا.
نرخی نەوت لە نزیک کەمترین ئاستەکانی لە ماوەی یەک مانگی رابردوودا مامەڵەی پێوەدەکرێت.
هەفتەی رابردوو نرخەکانی نەوت بەڕێژەی 3٪ دابەزین و بازرگانانی نەوت ئەگەری ئاگربەست لە ئۆکراینایان ئەم جارە بە جددی وەرگرتووە.
ئاگربەست لە ئۆکراینا دەتوانێت رێگە بۆ نەوتی رووسیا بکاتەوە کە بە دووەم گەورەترین بەرهەمهێنەری نەوت لە جیهاندا دەناسرێت.
ئەمریکا و ئۆکرانیا ڕایانگەیاندووە، کە لە دانوستانەکانیاندا پێشکەوتنیان بەدەستهێناوە لەسەر پلانی ئاشتی کە ئیمتیازاتی خاکی کیێڤ و وازهێنانی لە پلانەکانی بۆ پەیوەستبوون بە ناتۆ لەخۆدەگرێت، هاوکات دۆناڵد ترەمپ سەرۆکی ئەمریکا پێنج شەممەی بۆ گەیشتن بە ڕێککەوتن دیاریکرد، سەرەڕای فشارەکانی ئەوروپا بۆ داڕشتنی مەرجی باشتر.
پێشبینی دەکرێت هەر ڕێککەوتنێکی ئاشتی هاوکار بێت بۆ هەڵگرتنی ئەو سزایانەی کە هەناردەکردنی نەوتی ڕووسیای بەربەست کردووە.
بەپێی ئامارەکانی بەڕێوەبەرایەتی زانیاری وزەی ئەمریکا، ڕووسیا لە ساڵی 2024دا دووەم گەورەترین بەرهەمهێنەری نەوتی خاو بووە لە جیهاندا.
