- بەڕێوەبەرایەتی گشتی ژمێرکاری لە وەزارەتی دارایی ئەمڕۆ یەكشەممە راگەیەنراوێك سەبارەت بە پرسی بەبانکیکردنی مووچەی فەرمانبەران و مووچەخۆرانی هەرێمی کوردستان لە چوارچێوەی پڕۆژەی (هەژماری من) بڵاوكردەوە کە ماوەی دوو ساڵە دەستی پێ کردووە و ئێستا لە قۆناغی کۆتاییدایە.
- لە راگەیەنراوەكەدا هاتووە "دوای بڵاوکردنەوەی ئاگاداری بەڕێوەبەرایەتی خانەنشینی سەر بە وەزارەتمان لە هەفتەی ڕابردوودا، لێرە و لەوێ خوێندنەوەی نادروست و نابەرپرسیارانەی بۆ کراوە، بۆیە بە پێویستمانزانی ئەم ڕاستییانەی لای خوارەوە بخەینەڕوو:-
- 1- لە ئەنجامی ڕێکكەوتنی سەرەتای مانگی شوباتی ئەمساڵ لەنێوان شاندی هەرێمی کوردستان و شاندی حکوومەتی فیدراڵ، وەزارەتی دارایی عێراق کۆتایی ساڵی 2025ی دیاری کرد بۆ ئەوەی سەرجەم فەرمانبەران و مووچەخۆرانی هەرێمی کوردستان ببنە خاوەن هەژماری بانکی تایبەت بە خۆیان، بەپێچەوانەوە لە ساڵی نوێدا مووچەیان بۆ خەرج ناکرێت.
- 2- هاوکات بە پێی بڕیاری ژمارە (550)ی ئەنجوومەنی وەزیرانی عێراق خاڵی سێیەمی بڕگەی سێیەم کە لە ڕۆژی (17ی تەمووزی 2025) دەرچووە و تیایدا لیژنەی هاوبەشی پێکهاتوو لەنێوان حکوومەتی فیدراڵی عێراق و حکوومەتی هەرێم، هەرێمی کوردستانی پابەند کردووە کە لە ماوەی سێ مانگدا پڕۆسەی بەبانکیکردنی مووچەی فەرمانبەران و مووچەخۆرانی هەرێمی کوردستان تەواو بکەن، بەپێی سەرجەم ڕێکەوتن و بڕیارەکانی ئەنجوومەنی وەزیرانی عێراق و وەزارەتی دارایی حکوومەتی فیدراڵ کۆتایی ئەمساڵ دوا مۆڵەتە بۆ کردنەوەی هەژماری بانکی بۆ سەرجەم فەرمانبەران و مووچەخۆرانی هەرێمی کوردستان.
- وەزارەتی دارایی ئاماژەی بەوەشداوە: لە هیچ وڵاتێکدا دوو جۆر شێوازی دابەشکردنی مووچە نییە، لەلایەک بە کاش و لەلایەک بە سیستەمی بانکی، ئێستاش لە هەرێمی کوردستان بە ڕێکكەوتنی هەردوو حکوومەتی هەرێم و حکوومەتی فیدراڵی، مووچە بە سیستەمی دیجیتاڵی خەرج دەکرێت، واتە دابەشکردنی مووچە بەکاش نامێنێت.
- لە كۆتاییدا وەزارەتی دارایی دووپاتی كردەوە كە لە دوای سەری ساڵ مووچە تەنیا لە ڕێی پڕۆژەی (هەژماری من)ـەوە خەرج دەکرێت، هەر کەسێکیش بەشدار نەبێت لە پڕۆژەكە مووچە وەرناگرێت و خۆی بەرپرسیار دەبێت.
