Apora Logo

پەروین بوڵدان: ئۆجەلان هەمیشە دەڵێت كاتی سیاسەت و دانوستان و ئاشتیە نەك توندوتیژی و ململانێ

پەروین بوڵدان: ئۆجەلان هەمیشە دەڵێت كاتی سیاسەت و دانوستان و ئاشتیە نەك توندوتیژی و ململانێ

دەتوانم بڵێم: هەردوولا ئیرادەیەكی بەهێزیان بۆ چارەسەركردنی ئەم پرسە نیشانداوە

23/11/2025

جێگری سەرۆكی پەرلەمانی توركیا ڕایدەگەیەنێت: رەنگە پرۆسەكە بە بانگەوازەكەی دەوڵەت باخچەلی دەستی پێكردبێت، بەڵام ئەو ئیرادەیەی لە دوورگەی ئیمرالی نیشاندرا، بەهێز بوو.


پەروین بوڵدان، جێگری سەرۆكی پەرلەمانی توركیا لەمیانی كۆبونەوەكانی ئاشتی و كۆمەڵگەی دیموكراتیك كە لە لایەن دەم پارتیەوە لە پارێزگای ئەرزروم رێكخرابوو رایگەیاند: ئێمە هەوڵ دەدەین بەهای ئاشتی روون بكەینەوە، كاتێكیش باس لە داهاتووی توركیا دەكەین، بێگومان باس لە بابەتێك دەكەین كە تەنها پەیوەندی بە كوردەوە نییە، بەڵكو هەموو گەلانی نیشتەجێی توركیا دەگرێتەوە، ئەو پڕۆسەیەی كە لە ساڵی ٢٠١٣ و ٢٠١٥ دەستی پێكرد، كە بۆ ماوەی دە ساڵ پچڕا، پرۆسەیەك بوو كە خۆزگەمان دەخواست بەردەوام بوایە، پرۆسەیەك بوو پەشیمان بۆی، رەنگە وەك پێویست قەدریمان نەزانیبێت، بەڵام ئەو پچڕانە دە ساڵەی كە لە دوای ساڵی ٢٠١٥ روویدا، باجی زۆری هەبوو بۆ هەمومان، باجی زۆری هەبوو بۆ توركیا.

وتیشی: دەزانین رەخنەكانی وەك، ئەگەر پرۆسەكە بەرەوپێش دەچێت، بۆچی هێشتا هیچ هەنگاوێك نەنراوە؟ هەموو شتێك كاتی خۆی هەیە! هەزاران پرسیار لە داڵغەی گەلەكەماندا هەیە، وەك كەسێك كە لەگەڵ دەوڵەت و بەڕێز ئۆجەلان كۆدەبمەوە، دەتوانم ئەمە بڵێم: هەردوولا ئیرادەیەكی بەهێزیان بۆ چارەسەركردنی ئەم پرسە نیشانداوە.

ئەوەشی خستەڕوو: ئۆجەلان لە هەر كۆبونەوەیەكدا كە ئەنجامی دەدەین، جەخت لەوە دەكاتەوە كە كاتی سیاسەت و دیالۆگ و دانوستان و ئاشتی هاتووە نەك توندوتیژی و ململانێ و چەك، بێگومان لەكاتێكدا ئەمە دەڵێت، پێداگری لەسەر پێویستی دان بە ماف و یاساكانی گەلی كورد و ئایندەی گەلی كورد و ناسنامەی دەكاتەوە.


;