Apora Logo

لە ئەنجامی زنجیرەیەکی هێرشی سوپای ئیسرئیل بۆ سەر غەززە و باشووری لوبنان، پێنج بەرپرسی باڵای حەماس و دوو سەرکردەی حزبوڵڵای لوبنان کوژران

لە ئەنجامی زنجیرەیەکی هێرشی سوپای ئیسرئیل بۆ سەر غەززە و باشووری لوبنان، پێنج بەرپرسی باڵای حەماس و دوو سەرکردەی حزبوڵڵای لوبنان کوژران

ئەم هێرشانە وەک وەڵامێک بوون بۆ پێشێلکردنی ئاگربەست لەلایەن ئەو گرووپەوە

23/11/2025

ڕۆژی یەکشەممە 23ـی تشرینی دووەمی 20254 نووسینگەی سەرۆک وەزیرانی ئیسرائیل ڕایگەیاند، لە ئەنجامی زنجیرەیەک هێرشی ئاسمانیدا بۆ سەر غەززە، پێنج بەرپرسی باڵای حەماس کوژراون. ئاماژەی بەوەش کردووە کە ئەم هێرشانە وەک وەڵامێک بوون بۆ پێشێلکردنی ئاگربەست لەلایەن ئەو گرووپەوە.

نووسینگەی سەرۆک وەزیرانی ئیسرائیل لە پەیامێکدا لە تۆڕی کۆمەڵایەتیی ئێکس (تویتەر) بڵاوی کردەوە حەماس "دووبارە" ئاگربەستی پێشێل کردووەتەوە. لە پەیامەکەدا هاتووە: "چەکدارێکی سەر بە حەماس دزەی کردووەتە ناوچەی ژێر دەسەڵاتی سوپای ئیسرائیل و ویستوویەتی هێرش بکاتە سەر ئەو هێزانەی لەو خاڵەدا جێگیر کراون."

لە بەیاننامەکەدا جەخت لەوە کراوەتەوە کە ئیسرائیل "بە تەواوی" پابەندی ئاگربەستەکە بووە، بەڵام لە کاتی دەستپێکردنی ئاگربەستەوە "دەیان" چەکداری حەماس هێڵی دیاریکراویان بەزاندووە و چوونەتە ناو ئەو ناوچانەی کە لەژێر کۆنترۆڵی سوپای ئیسرائیلدان.

هەروەها نووسینگەی سەرۆک وەزیرانی ئیسرائیل داوای لە لایەنە نێوەندگیرەکان کردووە کە حەماس ناچار بکەن بە جێبەجێکردنی تەواوی بەڵێنەکانی لە ئاگربەستەکەدا. لە پەیامەکەدا هاتووە کە دەبێت حەماس "دەستبەجێ" تەرمی سێ بارمتە ڕادەست بکاتەوە کە لای خۆی هێشتوونیەتەوە، هاوکات دەبێت پڕۆسەی چەکدامان تەواو بکات بۆ ئەوەی ڕێگە بۆ "چەکدامانی تەواوەتیی غەززە" خۆش ببێت.

هاوکاتیش سوپای ئئیسرائیل ڕایگەیاند لە هێرشێکدا بۆ سەر باشووری لوبنان دوو سەرکردەی حزبوڵڵای کوشتووە کە خەریکی پێکهێنانەوەی هێزێکی سەربازی بوون. لەم هێرشانەدا پێنج کەسی دیکەش بریندار بوون.

بە پێی ڕاگەیاندراوەکەی سوپای ئیسرائیل، ئەو دوو سەرکردەیەی حزبوڵڵا یەکیان فەرماندەیەکی سەربازی بووە کە بە نیازی ڕێکخستنەوەی هێزێکی چەکدار بۆ حزبوڵلا بووە و کەسی دووهەمیش بەرپرسی پەیوەندیی نێوان دانیشتووانی باشووری لوبنان و حزبوڵلا بووە بۆ کاروباری دارایی و سەربازی.

سوپای ئیسرائیل بە ئاماژەکردن بەوەی چالاکییەکانی ئەم دوو کەسە بە پێچەوانەی لێکتێگەیشتنەکانی نێوان لوبنان و ئیسرائیل بووە جەختی کرودوەتەوە لە ڕووبەرووبوونەوەی هەر هەڕەشەیەک بۆ سەر ئاسایشی خاک و هاووڵاتییانی ئیسرائیل بەردەوام دەبێت.


;