وەزیری کار و کاروباری کۆمەڵایەتی عێراق ڕایگەیاند، بڕی دوو ترلیۆن و نیو دینار لە سندووقی چاودێری کۆمەڵایەتی دیارنەماوە، پارەکەش لە نێوان وەزارەتى دارایی و بانکى ناوەندى ون بووە.
ئەحمەد ئەسەدی وەزیری کار و کاروباری کۆمەڵایەتی عێراق سەبارەت بە دیار نەمانى زیاتر لە دوو ترلیۆن دینارى وەزارەتەکەیان بۆ کەناڵى سۆمەرییە دەدوێت.
ئەحمەد ئەسەدی ڕایگەیاند، سندووقی چاودێری کۆمەڵایەتی کە سەرمایەکەی لە وەبەرهێنانەوە دێت یان پشکی سندووقەکە لە قازانجی کۆمپانیاکانەوەیە، بڕی دوو ترلیۆن و نیو دینارى لەبەردەستدا بوو.
ئاماژەى بەوەشکرد، وەزارەت پلانی دانابوو ئەو پارانە بەکاربهێنێت بۆ پێدانی مووچەی چاودێرانى کۆمەڵایەتى لەبری ئەوەی پشت بە گەنجینەی دەوڵەت ببەستێت، بەڵام دوو مانگ لەمەوبەر چووینە سندووقەکە و سەرم سووڕما کە بینیم هەموو پارەکە بەبێ ئاگاداری ئێمە وەرگیراوەتەوە.
باسی لەوەشکرد، پارەکە لەنێوان وەزارەتی دارایی و بانکی ڕافیدەین لەدەستچووە، ڕەنگە بۆ کڕینی بۆند وەرگیرابێت، ئێمەش سکاڵامان تۆمارکردووە.
جێگەى ئاماژەیە، ئەم بڕە پارەیە نزیکە لە بڕی دزییەکەی سەدە کە بڕکەى ٣.٥ ترلیۆن دینار بوو، ئەمەش ئەو پرسیارە درووست دەکات، ئایا مووچەی چاودێرانى کۆمەڵایەتى کاریگەری لە سەر درووست دەبێت؟ ، لەکاتێکدا مووچەی چاودێرانى کۆمەڵایەتى مانگانە نزیکەی دوو ترلیۆن دینارە.
