"کاتی هۆشدارییەکان تەواو بووە، کاتی کردارە"، ئەو دروشمەیە کە کۆمەڵەی ژنان لە فەرەنسا لەم ڕۆژانەدا بۆ ڕووبەڕووبوونەوەی زیادبوونی ژمارەی ئەو کوشتنانەی کە لەلایەن هاوبەشەکانی ئێستا یان پێشووەوە ئەنجام دەدرێن، پەسەندیان کردووە. نوێنەرایەتی وەزاری بۆ پاراستنی ژنان (میپرۆف) لە ڕاپۆرتی ساڵانەی خۆیدا بۆ ساڵی 2024، کە ڕۆژی پێنجشەممە 20ی تشرینی دووەم بڵاویکردەوە، کورتەیەک لە ئازارەکانی ژنان لە فەرەنسادا خستەڕوو و تێیدا هاتووە: "هەر 7 کاتژمێر جارێک، ژنێک یان دەکوژرێت، یان تووشی هەوڵی کوشتن دەکرێت، یان دەخرێتە بەردەم خۆکوشتن، یان هەوڵی خۆکوشتن دەدات، لەلایەن هاوبەشی ئێستای یان پێشوویەوە". ڕاپۆرتەکە لەلایەن ڕوانگەی نیشتمانی بۆ توندوتیژی دژی ژنان ئامادەکراوە، کە ڕاپۆرتەکە بۆ میپرۆف دەدات.
ژمارە ترسناکەکان
هەروەها میپرۆف ئاماژە بەوە دەکات کە ژنێک دەستدرێژی دەکرێتە سەر، هەوڵی دەستدرێژی دەکرێتە سەر، یان دەستدرێژی سێکسی دەکرێتە سەر لە هەر دوو خولەکدا، هەروەها هەر ٢٣ چرکە جارێک ئازاری سێکسی یان مامەڵەی نەشیاوی بۆ دەکرێت. ئەوە پشتڕاست دەکاتەوە کە دوایین ئامارە فەرمییەکان دەریدەخەن کە ژمارەی کوشتنەکان لە نێوان ساڵانی ٢٠٢٣ بۆ ٢٠٢٤ بە ڕێژەی ١١% زیادی کردووە، ١٠٧ ژن لەلایەن هاوبەشی ئێستایان یان پێشوویانەوە کوژراون.
هاوکات ٢٧٠ ژن بوونەتە قوربانی هەوڵی کوشتن لەلایەن هاوبەشەکانیانەوە، هەروەها ٩٠٦ ژنیش لەلایەن هاوبەشی ئێستایان یان پێشوویانەوە تووشی ئازاردانی سێکسی بوون، کە بووەتە هۆی خۆکوشتن یان هەوڵی خۆکوشتن.
بەگشتی هەزار و ٢٨٣ ژن بوونەتە قوربانی توندوتیژی خێزانی، چ لە ڕێگەی کوشتنی ڕاستەوخۆ یان ناڕاستەوخۆ، یان هەوڵی کوشتن لە چوارچێوەی پەیوەندییەکانیاندا، لە کاتێکدا لە ساڵی ٢٠٢٣دا هەزار و ١٩٦ ژن بوون.
خۆپیشاندان
بەگوێرەی ڕۆژنامەی لۆمۆندی فەرەنسی، کۆمەڵەی ژنانی فەرەنسا داوای خۆپیشاندانی جەماوەرییان کردووە ڕۆژی شەممە 22ی ئەم مانگە، بەمەبەستی داواکردنی سیاسەتێک بۆ بەرەنگاربوونەوەی
توندوتیژی دژی ژنان لەو وڵاتە.
ڕۆژنامەکە ئاماژەی بەوەشکردووە، هاوپەیمانی "مانگرتنی فێمینیست" - کە لە نزیکەی ٦٠ کۆمەڵە و سەندیکا و فیدراسیۆنی پابەندبوون بە مافەکانی ژنان پێکهاتووە - سەرپەرشتی ئەم خۆپیشاندانانە دەکات لە پاریس، لەگەڵ ڕێپێوان لە دەیان شاری دیکەدا پلانی بۆ دانراوە، لەوانە شاری لیل، لیۆن، لا ڕۆشێل و بۆردۆ.
لە فەزیحەیەکی گەورەدا، ڕۆژنامەکە لە زاری سوزی ڕۆگتمان، وتەبێژی گردبوونەوەی نیشتمانی بۆ مافەکانی ژنانەوە نووسیوە. ژنەکە ئاماژەی بەوەشکردووە، "لە فەرەنسا ئەفسەرانی پۆلیس تۆمەتبارن بە دەستدرێژی سێکسی لە هۆڵەکانی دادگادا، ژمارەی کوشتنەکانی ژن لەناو ماڵی هاوسەرگیریدا لە زیادبووندایە، هێشتا پلانێکی وردمان نییە بۆ بەرەنگاربوونەوەی توندوتیژی سێکسی و جیاکاری لە زانکۆکاندا".
ڕۆژنامەی لۆمۆند بڵاویکردەوە، ڕێکخراوە فێمینیستەکانی فەرەنسا ڕەخنەکانیان لە سیاسەتەکانی جێبەجێکردنی ئیمانوێل ماکرۆن سەرۆک کۆمار ناشارنەوە، کە پێشتر بەڵێنی دابوو بەرەنگاربوونەوەی توندوتیژی دژی ژنان بکاتە شتێکی سەرەکی لە خولی یەکەمی پێنج ساڵیدا، بەڵێنێک کە لە سەرەتای خولی دووەمی ساڵی ٢٠٢٢دا دووپاتیکردەوە. کەموکوڕیەکانی حکومەت
ڕۆژنامەکە لە درێژەی قسەکانیدا ئاماژەی بەوەدا کە لە سەردەمی ئیدارەی ئەودا، هێڵی یارمەتی بۆ ژنانی قوربانیی توندوتیژی زیادکردنی بودجەی وەرگرتووە، ڕێوشوێنی پاراستنی تایبەتی وەک ملوانکەی چاودێری ئەلیکترۆنی جێبەجێ کراوە، هەروەها بەرنامەیەکی تۆکمەی هاوکاری فریاگوزاری بۆ یارمەتیدانی قوربانییەکان دامەزراوە.
بەڵام ڕێکخراوەکانی ژنان ئەم ڕێوشوێنانە بە ناتەواو دەزانن. ڕاپۆرتەکانی مافی مرۆڤ و پەرلەمان ڕەخنەیان لە کەمی بودجە گرتووە و ئەو بڕە پارە کەمانەی کە بۆ بەرەنگاربوونەوەی توندوتیژی دژی ژنان تەرخانکراوە، ئیدانە دەکەن.
ڕۆژنامەکە ئاماژەی بەوەشکردووە، ڕێکخراوە فێمینیستەکان ئیدانەی زۆرجار لەکارخستنی سکاڵاکانی توندوتیژی و "بێ سزای تاوانباران" و "تێکچوونی کارکردن" دەکەن. بەردەوامە.
پێویستە ئاماژە بەوە بکرێت کە ڕوانگە پێداگری لەسەر ئەوە دەکات کە ئەم داتایانە پەیوەندییان بە "تەنها دوو هاوبەشەکەوە هەیە" و دیاردەی ژنکوژی بە گشتی ڕەنگ ناداتەوە.
سەرچاوە: لیمۆند فەرەنسی
