Apora Logo

سەرۆک کۆماری ئێران لابردنی ٤ سفری سەر دراوی وڵاتەکەی پەسەند کرد

سەرۆک کۆماری ئێران لابردنی ٤ سفری سەر دراوی وڵاتەکەی پەسەند کرد

سەرۆك كۆماری ئێران مەرسومێكی دەركرد بۆ جێبەجێ‌ كردنی هەمواری یاسای بانكی ناوەندی ئێرانی تایبەت بە لابردنی 4 سفری سەر دراوی نیشتمانی وڵاتەكە، كە بە “ڕیاڵ” ناسراوە و لەناو هاووڵاتیاندا پبێی دەوترێت “تمەن”.

22/11/2025

ئاژانسی هەواڵی مهری ئێران بڵاویكردەوە، بە پێی مادەی ١٢٣ی دەستووری کۆماری ئیسلامی ئێران، مەسعود پزیشكیان، سەرۆك كۆمار، بانکی ناوەندی لە هەموارکردنەوەی مادەی ٥٨ بڕگەی أ ی یاسای بانکی ناوەندی ئاگادار کردەوە تاكو بەزووترین كات جێبەجێ‌ بكرێت.

ئەم هەموارکردنە، لە 2ی ئەم مانگە لە دانیشتنێکی گشتیدا لەلایەن مەجلیسی شورای ئیسلامی (پەرلەمان)ەوە پەسەندکرا و لە 5ی مانگ لەلایەن ئەنجوومەنی چاكسازی دەستوورەوە پەسەندکرا.

یاسای هەموارکردنەوەی ماددەی ٥٨ بڕگەی أی یاسای بانکی ناوەندی تایبەتە بە لابردنی چوار سفر لەسەر دراوی ئێران (ڕیاڵ- تمەن) و لە قۆناغەکانی پێشوودا ڕووبەڕووی ناڕوونی بووەوە، لەم دواییانەدا دەرکەوتووە کە لەگەڵ یاسای ئیسلامی و بنەما دەستوورییەکان دەگونجێت.

دەقە هەموارکراوەکە جەخت لەوە دەکاتەوە، کە ڕاگەیاندنی نرخی ئاڵوگۆڕ دەبێت “لە چوارچێوەی سیستەمی دراوی باودا بێت، بە لەبەرچاوگرتنی مادەی ٤٤ی یاسای بانکی ناوەندی”.

;