مارک ساڤایا نوێنەری سەرۆکی ئەمریکا ڕۆژی هەینی (21ی تشرینی دووەمی 2025) ڕایگەیاند، بەوپەڕی خۆشحاڵییەوە چاوەڕێی سەردانی عێراق دەکات و لەگەڵ "سەرکردە سەرەکییەکانی ئەو وڵاتە" کۆبوونەوە ئەنجام بدات، جەختیشی لەوە کردەوە کە واشنتۆن لە نزیکەوە چاودێری پێکهێنانی حکومەتی نوێ دەکات.
ساڤایا لە تویتێکدا لە ماڵپەڕی “ئێکس” بڵاوی کردۆتەوە : “عێراق لە ماوەی سێ ساڵی ڕابردوودا پێشکەوتنی بەرچاوی بەخۆیەوە بینیوە، هیوادارین ئەم پێشکەوتنە لە چەند مانگی داهاتوودا بەردەوام بێت”، ئاماژەی بەوەشکرد کە ئەمریکا “بە بەرژەوەندییەوە بەدواداچوون بۆ پرۆسەی پێکهێنانی حکومەتی عێراق دەکات”.
ساڤایا جەختی لەوە کردەوە کە "ئەمریکا هیچ دەستێوەردانێکی دەرەکی لە پێکهێنانی حکومەتی نوێی عێراقدا قبوڵ ناکات و ڕێگەی پێنادات"، ئەمەش ڕوونترین ئاماژەیە تا ئێستا بۆ هەڵوێستی واشنتۆن سەبارەت بە گرژییە ناوچەیی و نێودەوڵەتییەکان سەبارەت بە شێوەی حکومەتی داهاتوو.
لە چەند ڕۆژی ڕابردوودا هەواڵی نافەرمی لە پلاتفۆرمە میدیاییەکان و سایتەکانی سۆشیال میدیادا بڵاوبووەوە و باسیان لە کۆتایی هاتنی ئەرکی مارک ساڤایا نوێنەری سەرۆکی ئەمریکا لە عێراق دەکرد. بەڵام سەرچاوەیەکی فەرمی ئەو قسانەی ڕەتکردەوە، پێش ئەوەی ساڤایا خۆی سەقامگیری هەڵوێستەکەی و بەردەوامی بەدواداچوونەکانی بۆ فایلە عێراقییەکان لە ڕێگەی دەرکەوتنی ئەمڕۆی لە ڕێگەی “تویتەرەوە”ەوە پشتڕاست بکاتەوە
