ئەنجومەنەکە لە ڕاپۆرتێکیدا ڕایگەیاندووە، بانکە ناوەندییەکانی جیهان لە چارەکی سێیەمدا بزوێنەری سەرەکی خواستبوون لەسەر زێڕ بەوپێیەی کڕینەکانیان دوای خاوبوونەوە لە چارەکی یەکەم و دووەمدا زیادیکردووە، هەروەها کڕینی زێڕی پاک لە چارەکی سێیەمدا نزیکەی 220 تۆن بووە.
ئاماژەی بەوەشکرد، هەرچەندە نرخی زێڕ، کە لە سەرەتای ئەمساڵەوە نزیکەی 50% بەرزبووەتەوە بۆ ئەوەی بگاتە ئاستێکی پێوانەیی نوێ، بەڵام زیادبوونی خواست لە چارەکی کۆتاییدا ئەوە دەردەخات کە بانکە ناوەندییەکان بەردەوامن لە کەڵەکەکردنی زێڕ بەشێوەیەکی ستراتیژی، سەرەڕای گرانبوونی نرخەکان، ئاماژەی بەوەشکرد، عێراق لە چارەکی سێیەمدا 6 تۆن زێڕی کڕیوە بۆ ئەوەی یەدەگەکانی بۆ 170 تۆن بەرزبکاتەوە.
ئاماژەی بەوەشکرد، بانکی ناوەندیی کازاخستان لە چارەکی سێیەمی ئەمساڵدا گەورەترین کڕیار بووە و 18 تۆن بۆ یەدەگی زێڕی زیادکردووە، بەمەش کۆی گشتی زێڕ بۆ 324 تۆن، بانکی ناوەندیی بەرازیلیش لە مانگی ئەیلولدا 15 تەنی دیکەی کڕیوە، بەمەش کۆی گشتی زێڕی هەڵگیراو گەیشتووەتە 145 تۆن.
هەروەها بانکی ناوەندی تورکیا بەردەوام بوو لە کڕینی زێڕ و یەدەگی فەرمی خۆی لە چارەکی سێیەمی ئەمساڵدا 7 تۆن زیاد کرد و کۆی گشتی یەدەگی زێڕی گەیشتە 641 تۆن. بانکی گەلی چین 5 تۆن و بانکی نیشتمانی چیک 5 تۆن و بانکی غانا 4 تۆنی زیاد کردووە.
لەلایەکی دیکەوە تەنها دوو وڵات لە چارەکی سێیەمی ئەمساڵدا یەدەگی زێڕیان کەمبووەتەوە، ئەوانیش بانکی ناوەندی ئۆزبەکستان -3 تۆن، بانکی ناوەندی قەتەر -1 تۆن.
