Apora Logo

نورى مالیکی گەیشتە هەولێر

نورى مالیکی گەیشتە هەولێر

سەرلەبەیانی ئەمڕۆ شەممە، نووری مالیکی سەرۆکی هاوپەیمانی دەوڵەتی یاسا گەیشتە هەولێری پایتەختی هەرێمی کوردستان.

22/11/2025


بەگوێرەی زانیارییەكان مالیکی لە سەردانەكەیەدا لەگەڵ مەسعوود بارزانی و نێچیرڤان بارزانی، سەرۆکی هەرێمی کوردستان و مەسرور بارزانی سەرۆکی حکومەتی هەرێمی کوردستان کۆدەبێتەوە و تاوتوێی پێکهێنانی حکومەتی فیدراڵی داهاتووی عێراق دەکەن.


زانیارییەکان ئاماژە بەوە دەکەن کە مالیکی کە سەرۆکایەتی شاندێکی چوارچێوەی هەماهەنگی دەکات، هەروەها لە کوردستانیشدا ناوی کاندیدەکان بۆ وەرگرتنی پۆستی سەرۆک وەزیرانی داهاتوو و سەرۆکی کۆمار و سەرۆکی پەرلەمان دەخاتە بەردەم سەرکردەکانی کوردستان.


لە ڕۆژانی نۆ و یازدەی ئەم مانگە، عێراق دەنگدانی تایبەت و گشتیی لە هەڵبژاردنی پەرلەمان بۆ خولی شەشەمی پەرلەمانی ئەنجامدا، ئەمەش لە چوارچێوەی پراکتیکێکی دیموکراسی لە پڕۆسەی سیاسیدا کە لە دوای ساڵی 2003 لە ڕێگەی ڕووخانی ڕژێمی پێشووی بەعس لەلایەن هێزەکانی ویلایەتە یەکگرتووەکانی ئەمریکا و هاوپەیمانەکانییەوە سەریهەڵدا.


شەوی 17ی تشرینی دووەمی 2025 چوارچێوەی هاوئاهەنگی کۆبووەوە و گەورەترین فراکسیۆنی لە پەرلەمان راگەیاند. چوارچێوەی هاوئاهەنگی بڕیاری پێکهێنانی دوو لیژنەیشی دا. یەکەم، بۆ دەستنیشانکردنی بەربژێری پۆستی سەرۆکوەزیران. دووەم، بۆ دانوستاندن لەگەڵ لایەنەکان بۆ پێکهێنانی حکومەت.


;