سەرۆک وەزیرانی ئیسرائیل دەڵێت سەرۆکی سووریا دوای گەشتەکەی ئەم هەفتەیەی بۆکۆشکی سپی، بە لەخۆو بایی بوونەوە گەڕاوەتەوە.دەستەی پەخشی ئیسرائیلی بڵاویكردەوە نەتەنیاهو شەوی ڕابردوو لە کۆبوونەوەی کابینەی ئەمنیدا بە بەکارهێنانی ناسناوە جەنگییەکەی (شەرع )جۆلانی، وتوویەتی: جۆلانی بە فیز و لەخۆباییەوە لە واشنتۆن گەڕاوەتەوە، دەستی کردووە بە ئەنجام دانی کۆمەڵێک کار کە ئێمە قبووڵی ناکەین.هەروەها سەرچاوەکە ئاماژەی بەوەشکردووە: نەتەنیاهو بانگەشەی ئەوەی کردووە شەرع دەیەوێت هێزەکانی ڕووسیا بۆ سەر سنوور بگەڕێنێتەوە.
لەکاتێکدا واشنتۆن پەرۆشە بۆ ئەوەی لە کۆتاییدا پەیوەندییەکانی نێوان ئیسرائیل و سووریا ئاسایی ببنەوە، بەڵام سووریا سەرەتا هەوڵی ڕێککەوتنێکی ئەمنی دەدات، بە مەرجی ئەوەی هێزەکانی ئیسرائیل لە خاکەکەی بکشێنەوە.
سەرەتای ئەم هەفتەیە شەرع ڕاگەیاندبوو، بۆمان دەرکەوت بەڕێز ترەمپ پشتیوانی لە تێڕوانینی ئێمە دەکات و بە خێراترین کات فشار دەکات بۆ گەیشتن بە چارەسەرێک بۆ ئەم پرسە.
