لەم بارەیەوە عەباس عێراقچی، وەزیری دەرەوەی ئێران لە بەیاننامەیەکدا ڕایگەیاند، وڵاتەکەی “نامەیەکی فەرمی بۆ ئاژانسی نێودەوڵەتی وزەی ئەتۆمی ناردووە بۆ هەڵوەشاندنەوەی ئەو ڕێککەوتنە هاوکارییەی کە لە قاهیرە واژۆکراوە، ئەمەش وەک وەڵامێک بۆ بڕیارەکەی ئەم دواییەی ئاژانسەکە.”
ئەمڕۆ پێنجشەممە لە دانیشتنێکی داخراودا دەستەی بەڕێوەبەری ئاژانسی نێودەوڵەتی وزەی ئەتۆمی کە 35 کەسی تێدایە، بڕیارنامەیەکی پەسەند کرد و داوای کرد ئێران "بەبێ هیچ دواکەوتنێک" ئاژانسەکە لە دۆخی کۆگاکردنی یۆرانیۆمی پیتێنراو ئاگادار بکاتەوە و وردەکارییەکان سەبارەت بەو شوێنە ئەتۆمییانە بخاتەڕوو کە بۆردومانکراون.
تاران پێشتر هۆشداری دابوو لە کاردانەوەی ئەو بڕیارەی ئەم دواییەی دەستەی بەڕێوەبەرانی ئاژانسی نێودەوڵەتی وزەی ئەتۆمی پەسەندکرابوو، بە لەبەرچاوگرتنی ئەوەی کە کاریگەری نەرێنی لەسەر ئاستی هاوکارییەکانی نێوان خۆی و دەزگای نەتەوە یەکگرتووەکان دەبێت.
نوێنەری ئێران لە ئاژانسەکە، ڕەزا نەجەفی، لەبارەی بڕیارەکەوە ڕایگەیاندووە کە “هیچ شتێک بۆ دۆخی ئێستا زیاد ناکات و یارمەتیدەر نابێت، جەختی لەوەشکردەوە کە کاریگەری پێچەوانەی دەبێت بێ گومان کاریگەری نەرێنی لەسەر ئەو هاوکارییە دەبێت کە تاران دەستی پێکردبووەوە لەگەڵ ئاژانسی نێودەوڵەتی وزەی ئەتۆمی.
ئەم هۆشدارییە لە کاتێکدایە کە پەیوەندییەکانی نێوان ئێران و ئاژانسی نێودەوڵەتی وزەی ئەتۆمی بەهۆی پرسی چالاکییە ئەتۆمییەکان و پشکنینە پەیوەندیدارەکانەوە گرژی و ئاڵۆزی زیاتر دەبێت.
بڕیارنامەکە بە پلەی یەکەم ئامانجی نوێکردنەوە و هەموارکردنەوەی ئەرکی ئاژانسی نێودەوڵەتی وزەی ئەتۆمی سەبارەت بە چاودێریکردنی بەرنامەی ئەتۆمی ئێرانە، بەڵام هاوکات بانگەوازێکی ڕوونی لەخۆگرتووە بۆ ئەوەی تاران هاوکارییەکانی خێراتر بکات و وەڵامی پێویست بداتەوە و ڕێگە بە پشکنەران بدات بچنە شوێنە پەیوەندیدارەکان، ئەمەش دوای پێنج مانگ لەو هێرشانەی کە دەگەڕێتەوە بۆ ئیسرائیل و ئەمریکا.
ئەم هەنگاوە لە کاتێکدایە کە نیگەرانی نێودەوڵەتی سەبارەت بە فراوانبوونی ناڕوونیی لە دەوروبەری چالاکییە ئەتۆمییەکانی ئێران پەرەی سەندوووە، لە کاتێکدا ئاژانسەکە جەخت لەوە دەکاتەوە کە دەستڕاگەیشتن بە زانیاری و پشکنینی ناوخۆیی بۆ دڵنیابوون لە شەفافیەت و ڕێگریکردن لە هەر پێشێلکارییەکی ئەگەری بەڵێننامە ئەتۆمییەکان زۆر گرنگە.
