Apora Logo

پێشکەوتنێکی زانستی نوێ هیوایەک بە توشبووانی ئەلزەهایمەر دەبەخشێت

پێشکەوتنێکی زانستی نوێ هیوایەک بە توشبووانی ئەلزەهایمەر دەبەخشێت

یەکێک لە دەرئەنجامە هەرە ئازاربەخشەکانی نەخۆشی ئەلزەهایمەر کە نزیکەی 55 ملیۆن کەس لە جیهاندا تووشی دەبێت، نەتوانینی ناسینەوەی خێزان و هاوڕێکانە.

20/11/2025

بەپێی توێژینەوەیەکی نوێ کە لەلایەن تیمێکی زانکۆی ڤێرجینیا لە ئەمریکا لەسەر مشکی تاقیگەیی ئەنجامدراوە، ئاشکرایکردووە "ڕووخانی تۆڕە پارێزەرەکانی دەوروبەری خانە دەمارییەکانی ناو مێشک ڕەنگە هۆکارێک بێت بۆ ئەوەی نەخۆشانی نەخۆشی ئەلزەهایمەر نزیکترین کەسوکاری خۆیان لەبیربکەن، بەو پێیەی دەرکەوتووە کە داڕمانی ئەو تۆڕە دەماریانە دەبێتە هۆی لەدەستدانی بیرەوەرییەکانی پەیوەست بە کارلێکە کۆمەڵایەتییەکانی پێشوو، لەکاتێکدا پاراستنیان ئەم یادەوەرییانە دەپارێزێت”.


ئەنجامەکان دەریانخستووە کە "ئەو مشکانەی تۆڕە دەمارییەکانیان تێکچووە توانای بیرهێنانەوەی مشکەکانی دیکەیان لەدەستداوە، لەکاتێکدا ئەو مشکانەی کە پێکهاتەی مێشکیان لە قۆناغێکی سەرەتایی ژیانیاندا پارێزراو بووە، یادەوەری کۆمەڵایەتییان باشتر پاراستووە، سەرەڕای ئەوەی تووشی نەخۆشی ئەلزەهایمەر بوون".


بۆ پاراستنی ئەم پێکهاتانە، توێژەران پۆلێک دەرمانیان بەکارهێناوە کە بە "ڕێگریکەرانی MMP" ناسراون، کە لە ئێستاوە لێکۆڵینەوەیان لەسەر دەکرێت بۆ کاریگەرییەکانیان لە چارەسەرکردنی شێرپەنجە و هەوکردنی جومگەکاندا. بەو پێیەی گۆڕانکارییەکانی مێشک لە مشکەکاندا یەکدەگرێتەوە لەگەڵ ئەو گۆڕانکاریانەی کە لە مرۆڤەکانی تووشبوو بە ئەلزەهایمەردا دەبینرێن، توێژەران گریمانە دەکەن کە بە ئامانجگرتنی ئەم تۆڕە پارێزەرانە ڕەنگە سوودی هاوشێوە بۆ نەخۆشەکان دابین بکات.


هاراڵد سۆنتایمەر، یەکێک لە نووسەرانی توێژینەوەکە دەڵێت: "دۆزینەوەی گۆڕانکارییەکی پێکهاتەیی کە لەدەستدانی بیرەوەری تایبەت لە نەخۆشی ئەلزەهایمەردا ڕوون بکاتەوە، زۆر ورووژێنەرە و ئاماژەی بەوەشکردووە، "ئەمە ئامانجێکی تەواو نوێیە، و لە ئێستاوە کاندیدی دەرمانی گونجاومان هەیە".


لاتا چۆنسالی، نووسەرێکی تری توێژینەوەکە، ڕوونیکردەوە، "نەخۆشانی نەخۆشی ئەلزەهایمەر بەهۆی لەدەستدانی ئەو شتەی کە بە یادەوەری کۆمەڵایەتی ناسراوە، کێشەیان لە بیرەوەری خێزان و هاوڕێکانیان هەیە"، ئاماژەی بەوەشکرد، چینە تۆڕ هاوشێوەکە کە بە تۆڕەکانی پەرینیرۆناڵ ناسراوە، ڕۆڵێکی گرنگی هەیە لە پاراستنی ئەم یادەوەرییانە.


سۆنتێمەر دەشڵێت، هەرچەندە دەرمان هەیە کە لەدەستدانی تۆڕەکانی دەوروبەری دەمارەکان دوادەخات و بەم شێوەیە لەدەستدانی بیرەوەری خاو دەکاتەوە، بەڵام هێشتا لێکۆڵینەوەی زیاتر پێویستە بۆ دڵنیابوون لە سەلامەتی و کاریگەری ئەم ڕێگایە پێش ئەوەی بۆ مرۆڤ بەکاربهێنرێت.

;