Apora Logo

چوارچێوەی هەماهەنگی ژمارەی کاندیدەکانی بۆ پۆستی سەرۆکوەزیران بۆ سێ کەس کەم دەکاتەوە

چوارچێوەی هەماهەنگی ژمارەی کاندیدەکانی بۆ پۆستی سەرۆکوەزیران بۆ سێ کەس کەم دەکاتەوە

سەرچاوەیەکی ئاگادار سێ کاندیدی هەرە دیار بۆ پۆستی سەرۆک وەزیرانی ئاشکرا دەکات، هاوکات ئاماژەی بەوەشدەکات، هەفتەی داهاتوو بەغدا شایەتحاڵی جوڵەیەکی گەرم دەبێت لەنێوان سەرجەم هێزە سیاسییەکان بۆ ئەم مەبەستە.

20/11/2025

ڕۆژی پێنج شەممە سەرچاوەیەک بە ئاژانسی شەفەق نیوزی ڕاگەیاندوە، "کۆبوونەوەکان بەردەوامن لە نێوان هێزەکانی چوارچێوەی هەماهەنگی بۆ بڕیاردان لەسەر پۆستی سەرۆکی حکومەت و دیاریکردنی کاندید، بەپێی ئەو داب و نەریتە کە چوارچێوەکە پەیڕەوی لێ دەکات، بەڵام ئەمە لەگەڵ هەڵوێستی بەشێک لە کوتلەکان بەریەکدەکەوێت، کە سوورن لەسەر پەسەندکردنی قورسایی هەڵبژاردن".


ئاماژەی بەوەشکرد،" سێ کاندید هەن، کە یەکێکیان لەڕێگەی دەنگدان لەچوارچێوەی دەنگدان ناوی دەهێنرێت، ئەوانیش محەمەد شیاع سودانی، نووری مالیکی، هەروەها سەرۆکی دەزگای هەواڵگری حەمید شەتری".


ئاماژەی بەوەشکرد، "ئەو دوو لیژنەیەی چوارچێوەکە پێکیهێناون هیچ گۆڕانکارییەک لە هاوکێشەکە بۆ ناونانی کاندید بۆ پۆستی سەرۆکوەزیران ناکەن، چونکە کاندیدەکان خەڵکی ناو پێکهاتەی شیعەن، و تەنانەت ئەگەر کەسایەتییەک لەدەرەوەی چاوەڕوانییەکان هەڵبژێردرێت، بەدڵنیاییەوە بە چوارچێوەی هەماهەنگی دەناسرێتەوە".


چوارچێوەی هەماهەنگی دووشەممەی ڕابردوو پێکهێنانی دوو لیژنەی ڕاگەیاند. لیژنەی یەکەم پەیوەندی بە پێکهێنانی حکوومەتەوە هەیە و لە عەممار ئەلحەکیم و هومام حەموودی و عەبدولسەدا ئەلفەریجی لەخۆ دەگرێت، لیژنەی دووەمیش پەیوەندی بە دانوستانە لەگەڵ لایەنە سیاسییەکان و لە نووری مالیکی، هادی عامری، فالح ئەلفەیاد و موحسین ئەلمەندڵاوی پێکدێت.


ڕۆژی سێشەممە، عەلا حەدادی، سەرکردە لە هاوپەیمانی دەوڵەتی یاسا بە سەرۆکایەتی نووری مالیکی ئاشکرای کرد کە دژایەتییەکی ئاشکرا هەیە بۆ درێژکردنەوەی ماوەی سەرۆکوەزیرانی محەمەد شیاع سودانی لەلایەن چەند هێزێکەوە لە چوارچێوەی هەماهەنگیدا، جەختی لەوە کردەوە کە ئەو هێزانە نوێکردنەوەی ماوەی خولی سودانی ڕەتدەکەنەوە و کاندیدێکی دیکەیان پێ باشترە.


حەدادی بە ئاژانسی هەواڵی شەفەق-ی ڕاگەیاندووە، دژایەتییەکی ئاشکرا هەیە بۆ درێژکردنەوەی ماوەی خولی سودانی لەلایەن چەند هێزێکەوە لە چوارچێوەکەدا، ئەوانیش عەسائیب ئەهلی حەق، ماف و خزمەتگوزارییەکان، دەوڵەتی یاسا و کوتلەی سادقون.


لای خۆیەوە سودانی خواستی خۆی بۆ دووبارە سەرۆکایەتیکردنی حکومەتی داهاتووی عێراق دووپاتکردەوە ئەمەش بە لەبەرچاوگرتنی ئەوەی بەدەستهێنانی خولی دووەم ئاواتەیەکی شەخسی نییە، هەروەها شایستەیەکی هەڵبژاردنیش نییە.


ئەمە لە کاتێکدایە کە پێشتر سەرچاوە سیاسییەکان دووپاتیانکردبووەوە کە لە ئێستادا کێبڕکێ بۆ بەدەستهێنانی پۆستی سەرۆک وەزیران سنووردارە سودانی و حەمید شەتری، لە نێو 15 کاندیدەن کە لە چوارچێوەکەدا گفتوگۆیان لەسەر کرا، لەگەڵ ئەوەی سودانی لە بەرژەوەندییدایە ئەگەر لە چوارچێوەکەدا بمێنێتەوە، بە لەبەرچاوگرتنی ئەو پاڵپشتییە ناوچەیی و نێودەوڵەتییەی کە سوودی لێ وەردەگرێت.


شایەنی باسە، کۆمسیۆنی باڵای سەربەخۆی هەڵبژاردنەکان لە عێراق، لە 17ی تشرینی دووەمی 2025، ئەنجامی کۆتایی هەڵبژاردنی پەرلەمانی ڕاگەیاند، ئاشکرای کرد هاوپەیمانی گەشەپێدان و ئاوەدانکردنەوە زۆرترین کورسی پەرلەمانی بەدەستهێناوە بە 46 کورسی.

;