ئەمڕۆ پێنجشەممە 20ـی تشرینی دووەمی 2025، ناوەندی ڕاگەیاندنی هێزەکانی سوریای دیموکرات، لە بەیاننامەیەکدا بڵاوی کردەوە هێزەکانیان ڕووبەڕووی ژمارەیەک خاڵ بوونەتەوە لە بادیەی "غانم العلی" لە ڕۆژهەڵاتی ڕەققە، کە چەکدارانی داعش بە شێوەیەکی ڕاستەوخۆ بۆ هێرشی درۆنی بۆ سەر خاڵەکانی هەسەدە بەکاریان هێناون.
بەگوێرەی بەیاننامەکە، لە ماوەی ئەم هەفتەیەدا ناوچەکە زنجیرەیەک هێرشی لەلایەن گرووپەکانی سەر بە حکوومەتی دیمەشقەوە بەخۆیەوە بینیوە، کە ئەمەش هاوکات بووە لەگەڵ جموجۆڵی چەکدارانی داعش و ئەنجامدانی هێرش لە هەمان ناوچەدا.
هەسەدە دەڵێت "بەڵگەی حاشاهەڵنەگرە" کە داعش ئەو خاڵانەی وەک بنکەی هەڵدانی درۆن بەکارهێناوە. هەسەدە ئەمە بە نیشانەی "هەماهەنگی ڕاستەوخۆ" لە نێوان هێزەکانی حکومەتی دیمەشق و داعش لەقەڵەم داوە بە ئامانجی لێدانی خاڵە سەربازییەکان و تێکدانی ئاسایشی ناوچەکە.
لە کۆتایی بەیاننامەکەدا هێزەکانی سوریای دیموکرات جەختیان کردووەتەوە کە بەردەوام دەبن لە ئۆپەراسیۆنە مەیدانییەکانیان بۆ لەکارخستنی سەرچاوەکانی هێرش و پاراستنی ناوچەکانی باکوور و ڕۆژهەڵاتی سوریا لە هەر هەڕەشەیەکی تیرۆریستی.
