ئەم لێدوانانەی مەسرور بارزانی، سەرۆکی حکومەتی هەرێمی کوردستان، لە میانەی بەشداریکردنی لە پەراوێزی کۆڕبەندی ئاشتی و ئاسایشی ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست MEPS هات کە لەلایەن زانکۆی ئەمریکی لە دهۆک ڕێکخراوە.
مەسرور بارزانی ئاماژەی بەوەشکرد، ئەو یاسای نەوت و گازەی ئێستا لە عێراقدا کاری پێدەکرێت "کۆنە و لەگەڵ قۆناغی ئێستا ناگونجێت"، جەختیشیکردەوە، ڕێککەوتنی دەستپێکردنەوەی هەناردەکردنی نەوت لە هەرێمی کوردستانەوە کاتییە، هەروەها ڕێککەوتنی هەمیشەیی لەسەر بنەمای بوونی یاسای نەوت و گاز دەبێت کە لەلایەن پەرلەمانی عێراقەوە دەرچووە.
هیوای خۆشی دەربڕی کە بەغدا لەوە تێگەیشتبێت کە ڕاگرتنی هەناردەکردنی نەوتی هەرێم بووەتە هۆی زیانگەیاندن بە ملیارەها دۆلار بۆ عێراق و بۆ کوردستان بەتایبەتی و هێشتا ئەو زیانانە قەرەبوو نەکراونەتەوە.
هەروەها مەسرور بارزانی ئاماژەی بەوەدا کە هیچ براوەیەک لە ڕاگرتنی هەناردەکردنی نەوتدا نەبووە، بە لەبەرچاوگرتنی ئەوەی کە ئەم بڕیارە سیاسییە.
سەرۆکی هەرێم نیگەرانی خۆی لەو ڕێککەوتنە کاتییە دەربڕی کە ڕەنگە ببێتە هۆی وەستانی هەناردەکردن بۆ جارێکی دیکە و جەختی لەوە کردەوە کە هیچ پاساوێک بۆ ڕاگرتنی ئەو هەناردەکردنە نییە.
ئاماژەی بەوەشکرد، هیوادارم بەغدا لەوە تێبگات کە داهاتی دارایی کە لە هەناردەکردنی نەوتی هەرێمەوە بەدەست دێت داهاتی گەنجینەی دەوڵەت زیاد دەکات، بەو پێیەی نەک تەنها سوودی بۆ کوردستان بەڵکو بۆ هەموو عێراقیش هەیە و لە بەرژەوەندی هەموواندایە.
مەسرور بارزانی ئاماژەی بەوەدا، سەرەڕای دەستپێکردنەوەی هەناردەکردنی نەوت لە هەرێمی کوردستانەوە، بەڵام هێشتا بەغدا پارەدارکردنی مووچەی مانگانەی فەرمانبەران لە هەرێم دوادەخات.
