Apora Logo

ترەمپ، سعودیەی وەک هاوپەیمانێکی گەورەی دەرەوەی ناتۆ دەستنیشانکرد

ترەمپ، سعودیەی وەک هاوپەیمانێکی گەورەی دەرەوەی ناتۆ دەستنیشانکرد

لە هەنگاوێکدا کە ڕەنگدانەوەی قووڵی پەیوەندییە ستراتیژییەکانی نێوان ئەمریکا و شانشینی سعودیە، دۆناڵد ترەمپ، سەرۆکی ئەمریکا بە فەرمی شانشینی سعودیەی وەک هاوپەیمانێکی گەورەی دەرەوەی ناتۆ دەستنیشانکرد.

19/11/2025

دۆناڵد ترەمپ، سەرۆکی ئەمریکا ڕایگەیاند کە سعودیە وەک "هاوپەیمانێکی گەورەی غەیرە ناتۆ" دەستنیشان کراوە، جەختیشی کردەوە کە "هاوبەشیە گەورەکەی لەگەڵ سعودیە دەبێتە هۆی پێشخستنی بەرژەوەندییەکانی هەردوو وڵات".


لە درێژەی قسەکانیدا لە خوانێکی ئێوارەدا کە بۆ ڕێزلێنان لە محەمەد بن سەلمان شازادەی جێنشینی سعودیە بەڕێوەی برد، ترەمپ ئاماژەی بەوەدا، ئێمە هاوکارییە سەربازییەکانمان بەرز دەکەینەوە بۆ ئاستێکی بەرزتر بە دەستنیشانکردنی فەرمی سعودیە وەک هاوپەیمانێکی گەورەی دەرەوەی ناتۆ، کە ئەمەش لەڕادەبەدەر گرنگە چونکە تەنها 19 وڵاتی تر ئەم ناوەیان وەرگرتووە.


شانشینی سعودیە دەبێتە بیستەمین وڵات کە بە فەرمی ناوی "هاوپەیمانی سەرەکی ناتۆ" وەردەگرێت، پەیوەندی بە وڵاتانی وەک ئەرجەنتین، ئوسترالیا، بەحرەین، بەرازیل، کۆڵۆمبیا، میسر، ئیسرائیل، ژاپۆن، ئوردن، کینیا، کوێت، مەغریب، نیوزلەندا، پاکستان، فلیپین، قەتەر، کۆریای باشوور، تایلەند و تونس دەکات.


ئەم دەستنیشانکردنە بە هەنگاوێکی هێماداری بەهێز دادەنرێت کە ڕەنگدانەوەی بەهێزکردنی هاوبەشی ستراتیژی نێوان واشنتۆن و ڕیازە، بەتایبەتی لە بواری بەرگری هاوبەش لە بەرامبەر هەڕەشە ناوچەییەکان. هەروەها ڕێککەوتنی نوێی بەرگری لەگەڵدایە کە بریتین لە فرۆشتنی فڕۆکەی ئێف 35 و وەبەرهێنانی گەورەی سعودیە لە ئەمریکا.


شایانی باسە کە کۆنگرێسی ئەمریکا لە ساڵی 1987 بە پێی مادەی 22ی دەستووری ئەمریکا دەستی بە پێدانی ئەم نازناوە کردووە، بەڵام گەرەنتی بەرگریی یەکتری وەک مادەی پێنجەمی پەیماننامەی ناتۆ لەخۆناگرێت کە ئەندامەکان پابەند دەکات بەرگری لە یەکتر بکەن ئەگەر هێرش بکرێتە سەر یەکێکیان.

;