لەگەڵ نزمبونەوەى پلەکانى گەرما و هاتنى وەرزى سەرما و زستان، جەستەى مرۆڤ ئەو خۆراکانەى پێویست دەبێت کە بەرگریی بەرز دەکاتەوە و لە پەتا و هەڵامەت دەیپارێزێت، پزیشکێکى پسپۆڕیش کۆمەڵێک خۆراکى خستوەتەڕو کە لە وەرزە ساردەکاندا جەستە دەپارێزێت.
ئەو خۆراکانەى د.کامەران رەسوڵ ژاژڵەیی، پزیشکی پسپۆڕی زانستی خۆراک دیاریکردون ئەمانەن:
میوە مزرەمەنیەکان وەک کیوی و هەنار و سێو؛ دەوڵەمەندن بە ڤیتامین سی و ئەی و ماددە دژە ئۆکسانەکانی تر
سەوزە گەڵا تۆخەکان وەک کەلەرم ، قەڕەنابیت ، نەعنا
پاقلەمەنیەکان بە تایبەت شۆربای نیسک، نۆکاو، لۆبیا، ماش
سیر و پیاز بۆ بەهێزکردنی بەرگری جەستە چی بە کاڵی یا لە ناو خوارندا
زەنجەبیل: گرنگە بۆ کەمکردنەوەی ئاوسانی قوڕگ و کەمکردنەوەی هەوکردنی کۆئەندامی هەناسە و بەهێزکردنی بەرگری لەش، دەکرێت رۆژانە چای زەنجەبیل یان گیراوەی لیمو و زەنجەبیل و هەنگوین بخورێتەوە .
خواردنەوەی چای گژوگیا وەک چای گوڵەبەیبون، رازیانە ، گوڵەمێخەک، چای سەوز لەبری ئەو خواردنەوەی بڕێکی زۆر ماددەی کەڤییان تێدایە وەک چا و قاوەی رەش بە تایبەت ئەگەر شەکری تێ بکرێت، شەوان لە بری چا و قاوە کوپێک شیری گەرم یا چای گژوگیا بخۆرەوە .
ماسی سەلەمۆن و تونە و هەمو جۆرە ماسییەکانی تر بە برژاوی
سنگی مریشک و قەل و پەلەوەر، هەروەها گۆشتی سوری بێ چەوری
دانەوێڵە تەواوەکان وەک ئاردی بۆر و برنجی بۆر و قاوەیی ، تۆوی چیا و شۆڤان لە بری ئاردی سپی و برنجی سپی
چەرەسات وەک گوێز و بادەم و دەنکە کولەکەو گازۆ
خواردنی بڕی پێویست لە ماددە ریشاڵییەکان لەڕێگای خواردنی سەوزە و میوە رۆژانە دوو بۆ سێ جار
خواردنەوەی بڕی پێویست لە ئاو رۆژانە لە نێوان ژەمەکان لانیکەم زیاتر لە شەش پەرداخ رۆژانە
