میدیا جیهانییەكان بڵاویان كردەوە، ئەنجوومەنی ئاسایشی نەتەوە یەکگرتووەکان پرۆژەكەی دۆناڵد ترەمپی سەبارەت بە ئاشتی لە غەزە پەسەند کرد، بەڵام ڕووسیا و چین دەنگیان بە پرۆژەکە نەدا.
میدیا جیهانییەكان لەبارەی پەسەندكردنی پڕۆژەكەی دۆناڵد ترەمپ سەرۆكی ئەمریكا لەبارەی غەزە بەمجۆرە زانیاری دەخەنەڕوو.
لە هەواڵی میدیا جیهانییەكاندا هاتووە، ئەنجوومەنی ئاسایشی نەتەوە یەکگرتووەکان پڕۆژەكەی دۆناڵد ترەمپی لەبارەی پرسی ئاشتی لە غەزە پەسەند کرد.
دەشڵێن، پرۆژەکە لەلایەن هەریەکە لە وڵاتانی مالیزیا، قەتەر، سعودیە، ئوردون، تورکیا، میسر و ژمارەیەك وڵاتی دیكەی موسڵمان پشتگیری لێكرابوو.
باس لەوەشكراوە، بەپێی پرۆژەکە نەتەوە یەکگرتووەکان ڕێگا بە جێگیرکردنی هێزێکی سەربازیی نێودەوڵەتی دەدرێت، بە مەبەستی دابینكردنی سەقامگیری لە غەزە جێگیرببن، هاوكات لە پرۆژەکەدا باس لە ئەگەری دامەزراندنی دەوڵەتی فەلەستین کراوە.
ئەوەش خراوەتەڕوو، پرۆژەكە لەلایەن هەر ١٠ ئەندامە کاتییەکەی ئەنجوومەنی ئاسایش و هەریەکە لە وڵاتانی فەرەنسا، بەریتانیا و ئەمریکا بە بەڵێ دەنگی پێدرا، بەڵام هەریەکە لە ڕووسیا و چین دەنگیان بە پرۆژەکە نەدا.
هاوكات، نوێنەری ڕووسیا لە ئەنجوومەنی ئاسایشی نەتەوە یەکگرتووەکان داوایکردبوو، کە ئەنجومەنی ئاسایش ڕۆڵی چاودێر ببینێت لە غەزە، هەروەها ڕەخنەی لە پرۆژەکەی دۆناڵد ترەمپ ئەوە بوو، کە پرسی نەبوونی دەوڵەتی بۆ فەڵەستین پشتگوێ دەخات.
ئاماژەی بەوەشکرد، ڕەشنووسی پڕۆژەكە سەبارەت بە ماوەی گواستنەوەی ئیدارەی غەزە بۆ دەسەڵاتی فەلەستین ڕوون نیە، لە ژێر ڕۆشنایی ئەو پرۆژەدا دەتواندرێت، غەزە لە کەرتی ڕۆژئاوا جیابکرێتەوە.
