Apora Logo

شێخە حەسینا سزای لەسێدارەدانی بەسەردا سەپێنرا

شێخە حەسینا سزای لەسێدارەدانی بەسەردا سەپێنرا

دادگەی گشتی بەنگلادیش بڕیاری کۆتایی لەبارەی دادگاییکردنی شێخ حەسینا، سەرۆکوەزیرانی پێشووی وڵاتەکەی دەرکرد، سزای لە سێدارەدانی بەسەردا سەپاند.

17/11/2025

ئەمڕۆ دووشەممە دادوەر غوڵام مورتوزا موزومەدەر، لەکاتی خوێندنەوەی بڕیارەکەدا ڕایگەیاند، حەسینا بە سێ تۆمەت سزا دراوە، لەوانە "هاندان و فەرمانی کوشتن و هەوڵنەدان بۆ ڕێگریکردن لە توندوتیژییەکان"، ئاماژەی بەوەشکردووە، بڕیارمانداوە یەک سزا بەسەردا بسەپێنین، کە ئەویش سزای لەسێدارەدانە.


بەپێی ئاژانسی ڕۆیتەرز، حەسینا، تەمەنی 78 ساڵە و کە ئێستادا بەرەو هیندستان هەڵاتووە، فەرمانەکانی دادگەی بۆ گەڕانەوە و ئامادەبوون لە دادگاییکردنەکەی پشتگوێ خستووە. ئەو تۆمەتبارکراوە بە فەرمانکردن بە سەرکوتکردنێکی خوێناوی دژی راپەڕینێکی خوێندکاران کە لە مانگی ئابی 2024دا بووە هۆی لەکارلادانی، راپەڕینەکە بەشێوەیەکی فراوان پشتیوانی جەماوەریی بەدەستهێنا و بووە هۆی رووخانی حکومەتەکەی.


تاجول ئیسلام، سەرۆکی داواکاری گشتی بە رۆژنامەڤانانی گوت، "دادپەروەری بەپێی یاسا جێبەجێ دەکرێت و هیچ کەسێک لە سەرووی یاساوە نییە." هەروەها جەختی کردەوە، کە تیمی داواکاری گشتی بەڵگەی پێویستیان پێشکێش بە دادگە کردووە.

لە بەرامبەردا، حەسینا لە رێگەی پارێزەرەکانییەوە هەموو تۆمەتەکانی رەتکردووەتەوە و دادگاییکردنەکەی بە "گاڵتەجاڕییەکی یاسایی" و هەوڵێکی سیاسی بۆ لەناوبردنی رکابەرەکانی ناوبردووە.


تۆمەتبارانی دیکەی ئەم دۆسیەیە بریتین لە ئەسعەدەزەمان خان کەمال، وەزیری پێشووی ناوخۆ، کە ئەویش لەگەڵ حەسینادا هەڵاتووە، هەروەها چاودهوری عەبدوڵڵا ئەلماموون، فەرماندەی پێشووی پۆلیس کە ئێستا دەستبەسەرە و بەپێی سەرچاوەکان دانی بە بەشێک لە تاوانەکاندا ناوە.


بەگوێرەی ئامارەکانی نەتەوە یەکگرتووەکان، لە ماوەی نائارامییەکانی نێوان مانگەکانی تەممووز و ئابی 2024، نزیکەی 1400 کەس لە هەوڵە شکستخواردووەکەی حەسینا بۆ مانەوە لە دەسەڵاتدا کوژران، کە زۆربەیان خوێندکار و چالاکڤان بوون.


لە رووی دیپلۆماسییەوە، وەزارەتی دەرەوەی بەنگلادیش رۆژی چوارشەممە باڵیۆزی هیندستانی لە داکا بانگهێشت کرد و بە فەرمی نیگەرانی وڵاتەکەی پێگەیاند و داوای لێکرد کە نیودلهی رێگری لە حەسینا بکات بۆ ئەوەی چیتر قسە بۆ رۆژنامەڤانان نەکات.

;