ڕۆژنامەی "زەمەن"ی تورکی لە ڕاپۆرتێکیدا ئاماژەی بە دابەزینی توانای کڕینی هاووڵاتیانی تورکیا کردووە بەهۆی هەڵاوسانی زۆرەوە، کە ساردکەرەوەی ماڵەکانی بەتاڵ کردووەتەوە، بەمەش تورکیا لە لوتکەی لیستی هەژاری لە ئەوروپا نزیکتر بووەتەوە.
ڕۆژنامەکە بە پشتبەستن بە داتاکانی فەرمانگەی ئاماری ئەوروپا (یۆرۆستات) ئاماژەی بەوەکردووە، تا کۆتایی ساڵی 2025، 76.8%ی تورکەکان ناتوانن خەرجییەکانیان دابین بکەن، لەکاتێکدا لە ساڵی 2021دا 63% بووە.
لەبەرامبەردا، تەنها 4.7% توانیویانە پێداویستییەکانیان "بە ئاسوودەیی" دابین بکەن، و تەنها 0.2% "زۆر ئاسوودە"، لەکاتێکدا ڕێژەی ئەوانەی ژیانێکی "بەشێکی ئاسوودە" دەژین گەیشتە 18.2%.
بەگوێرەی ڕۆژنامەکە، ئەو ناتەباییە دەگەڕێتەوە بۆ بەرزبوونەوەی نرخی خۆراک و وزە لە تورکیا، کە لە سەرەتای ساڵی 2024ەوە پارەی کارەبا بە ڕێژەی 51.7% بازدانی بەخۆیەوە بینیوە، هەروەها نرخی غازی سروشتی بە ڕێژەی 28.2%، ئەمەش وایکردووە تورکیا دووەم وڵاتی ئەوروپی بێت کە نرخی کارەبا لەدوای مۆڵدۆڤا بەرزبکاتەوە، هەروەها یەکەم وڵاتی نرخی غازیش بێت.
بەهۆی هەڵاوسانی نرخی خۆراک کە 34.87% بووە، تورکیا بە فاکتەری پێنج لە ئیستۆنیا (دووەمی ئەوروپا)ی پێشکەوتووە. هەروەها ڕێژەی هەژاری ڕێژەیی لە 13.6% لە ساڵی 2018 بۆ 32.2% تا کۆتایی ساڵی 2024 بەرزبووەتەوە، لە پلەی چوارەمی ئەوروپادا، بە بەراورد بە تێکڕای یەکێتی ئەوروپا (27 وڵات) کە 17.4% بووە (لە ساڵی 2018دا 21.5% بووە).
