بەگوێرەی هەواڵێکی ئاژانسی فرانس پرێس، ڕەشنووسی بڕیارنامەکە یازدە بڕگە لەخۆدەگرێت و پێشنیاری جێگیرکردنی "هێزێکی سەقامگیری نێودەوڵەتی" دەکات بۆ جێگرتنەوەی سوپای ئیسرائیل هەر کە هاتە ناو کەرتەکەوە، هاوکات ئەرکی پێدانی "لیژنەی ئاشتی" کە گوایە ترەمپ سەرۆکایەتی دەکات، ئەرکی بەڕێوەبردنی غەززە بە شێوەیەکی کاتی تا کۆتایی مانگی کانوونی دووەمی 2027.
لە بڕگەی یەکەمدا، جەخت لەسەر چەسپاندنی ئاگربەست و پاراستنی ڕێککەوتنی هەنووکەیی لەلایەن دەوڵەتانی واژۆکارەوە دەکرێتەوە، لە بڕگەی دووەمیشدا هاتووە کە دوای تەواوبوونی پرۆسەی چاکسازی لە چوارچێوەی دەسەڵاتی فەلەستین و پێشکەوتن لە دووبارە گەشەپێدانی غەززە، ڕەنگە مەرجی پێویست بۆ داڕشتنی ڕێگایەکی باوەڕپێکراو بەرەو چارەنووسی فەلەستین و دامەزراندنی دەوڵەتی فەلەستینی لەبەردەستدا بێت.
هەروەها دامەزراندنی ڕێڕەوی و تووێژ له نێوان ئیسرائیل و فەلەستینییەکان بۆ ڕێککەوتن لەسەر ئاسۆیەکی سیاسی که زامنی پێکەوەژیانی ئاشتیانه و خۆشگوزەران دەکات، هاوکات جەختدەکاتەوه که ئەنجومەنی ئاشتی وەک ئیدارەیەکی ئینتقالی خزمەتی دەکات و نەک حکوومەتی ئینتقالی.
بڕگەکانی دیکەش هەموارکردنیان بەخۆوە بینی، لەوانە سڕینەوەی خاڵێک لە بڕگەی سێیەمدا کە پەیوەندی بە مافی ڕێکخراوە مرۆییەکانەوە هەیە، هەروەها زیادکردنی وشەی "ڕاگوزەر" بۆ وەسفکردنی دەسەڵاتی چاودێری لە بڕگەی پێنجەمدا، بەو پێیەی لە ڕەشنووسەکەدا هاتووە کە قەوارە ئۆپەراسیۆنییەکانی کەرتەکە لە ژێر دەسەڵات و چاودێری ئەنجومەنی ئاشتی ئینتقالی کاردەکەن، لەگەڵ دابینکردنی بودجە لە بەشدارییە خۆبەخشییەکان و پارەدان میکانیزمەکانی ئەنجومەنی ئاشتی و حکومەتەکان.
سەبارەت بە بڕگەی حەوتەم، کە تایبەتە بە کشانەوەی ئیسرائیل لە غەززە، هەموارکردنەکان خراونەتەڕوو کە ئاماژەن بۆ ئەوەی کە کشانەوەکە دوای بەدەستهێنانی کۆنترۆڵ و سەقامگیری هێزی نێودەوڵەتی دەستپێدەکات، لەبری ئەو دەقی پێشوو کە کشانەوەکەی بەستەوە بە قۆناغ و چەکداماڵین لە هەمان کاتدا پاراستنی ئامادەیی ئەمنی دەوروبەری تا ئەو کاتەی پشتڕاست دەکرێتەوە کە هەر هەڕەشەیەکی تیرۆریستی نوێبووەوە نەماوە.
پێنجشەممەی ڕابردوو بۆ جاری سێیەم هەموارکردنەوەی ڕەشنووسی بڕیارنامەی ئەمەریکا بڵاوکرایەوە.
سەرچاوە سیاسییەکانی ئیسرائیل ئەو پێشنیازە نوێیەیان بە بڕگەی "نالەبار بۆ ئیسرائیل" زانیوە، وەک باسکردن لە ڕێگەیەک بۆ دەوڵەتی فەلەستین، هەروەها بڕگەیەک کە مافی ناڕەزایەتی بەرامبەر بەو وڵاتانە زەوت دەکات کە هێزی ئاشتیپارێز دەنێرن، لە کاتێکدا بەرپرسێکی ئەمنی ئیسرائیل پشتڕاستی کردەوە کە "ئێمە لە غەززە ناکشێینەوە پێش ئەوەی دڵنیا بین لەوەی کە هیچ دەمانچەیەک نییە کە بتوانرێت جارێکی دیکە ئاراستەی ئیسرائیل بکرێتەوە".
پەسەندکردنی ڕەشنووسی بڕیارنامەکەی ئەمریکا پێویستی بە پشتیوانی نۆ دەنگی ئەنجوومەنی ئاسایش هەیە، هەروەها ئەوەی کە هیچ کام لە ئەندامانی هەمیشەیی (ڕووسیا، چین، فەرەنسا، بەریتانیا، و ئەمریکا) دەسەڵاتی ڤیتۆی خۆیان بەکارنەهێنن.
بڕیارەکەی ئەنجومەنەکە نوێنەرایەتی گواستنەوە دەکات بۆ قۆناغی دووەمی ئەو ڕێککەوتنەی کە ئەمریکا پاڵپشتی دەکات و لە مانگی تشرینی یەکەمی ڕابردوودا گەیشتە ئەنجام، کە دوای دوو ساڵ شەڕ ئاگربەستی لێکەوتەوە.
