تیمێکی پسپۆڕی هەڵدانەوەی گۆڕە بەکۆمەڵەکان گەیشتووەتە شنگال و بڕیارە لە قۆناغێکی نوێدا، چەند گۆڕێکی دیکەی قوربانیانی دەستی داعش هەڵبدەنەوە. سەرۆکی تیمەکەش دەڵێت، پرۆسەکە لە ڕۆژی 17ی ئەم مانگەوە دەستپێدەکات.
ئەحمەد قوسەی، سەرۆکی تیمی هەڵدانەوەی گۆڕە بەکۆمەڵەکانی سەربە حکومەتی فیدراڵی، ڕاگەیاند، "لەسەرەتای ئەم هەفتەیەوە تیمەکەمان گەیشتووەتە شنگال و لە ڕۆژی 17ی ئەم مانگەوە دەست بە هەڵدانەوەی چەند گۆڕێکی نوێ دەکەین."
ئاماژەی بەوەشکرد، کارەکانیان لە گوندی حەردان و کۆمەڵگەی سیبا شێخ خدر دەبێت و بۆ ماوەی 10 ڕۆژ بەردەوام دەبێت.
تا ئێستا ژمارەیەکی زۆر گۆڕی بەکۆمەڵ و تاکەکەسی لە سنووری شنگال دۆزراونەتەوە، کە شایەتحاڵی ئەو تاوانە گەورەیەن کە داعش دژی ئێزدییەکان ئەنجامیدا.
کۆی گشتیی گۆڕە دۆزراوەکان: 95 گۆڕی بەکۆمەڵ و 15 گۆڕی تاکەکەسی.
گۆڕە هەڵدراوەکان: 68 گۆڕی بەکۆمەڵ و 13 گۆڕی تاکەکەسی.
گۆڕە ماوەکان: 27 گۆڕی بەکۆمەڵ و 2 گۆڕی تاکەکەسی هێشتا هەڵنەدراونەتەوە.
لەو گۆڕانەی کە هەڵدراونەتەوە، ڕووفاتی زیاتر لە 700 قوربانی دۆزراوەتەوە و بۆ پشکنینی DNA ڕەوانەی پزیشکی دادی بەغداد کراون.
تا ئێستا ناسنامەی 296 لەو ڕووفاتانە ئاشکرا کراوە و بە ڕێوڕەسمی شایستە بەخاکسپێردراونەتەوە.
